"سەردەشتیان شەهید کرد، بەڵام هێشتا لە سێبەری سەردەشت دەترسن"

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان گردبوونەوە و ڕایانگەیاند" سەردەشتیان شەهید کرد، بەڵام هێشتا لە سێبەری سەردەشت دەترسن، فۆبیایان بە ئازادیی هەیە". 

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥ی ئایاری ٢٠٢٤ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، گردبوونەوەیەک لە لایەن بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و نوێنەری بەشێک لە حزب و ڕێکخراوەکان بەڕێوەچوو بە بۆنەی ١٤هەمین ساڵیادی شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان و تێیدا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە کە تێیدا هاتووە" ١٤ ساڵ تێپەڕی، بەڵام هێشتا خوێنی سەردەشت لەسەر عەردا ووشک نەبۆتەوە، لای ئێمە و خەڵکی ئازادیخواز هێشتا وەک  یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ڕفاندنی سەردەشتە لە بەردەم کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین". 

ئەوەش هاتووە" ئیتر سەردەشت کۆتایی پێدێت، بەڵام سەردەشت بوو بە تۆوی ئازادی و لە دوای خۆیدا زیاتر چەکەڵەی کردوو لە بەردەرگای هەموو ماڵێکی ئازادیخواز بوو بە نەمامی ئازادی، لە هەموو شەقامێکی هەولێر بوو بە چرا، لە هەموو باخچەیەک بوو بە گوڵی ئازادی". 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە" ئەوانەی سەردەشتیان شەهید کرد هێشتا لە سێبەری سەردەشت دەترسن، فۆبیایان بە ئازادی هەیە، بۆیە ئەوان هاتن شێروان و هاوڕێکانیان لە زیندان توند کرد، هاوڕێ و هەڤاڵەکانی سەردەشتیان لە خاک و زێدی خۆیان دەرکرد، ئەو ئەقڵیەتەی سەردەشتی تیرۆرکرد، هەمان ئەم ئەقڵیەت و کارەکتەرانەن کە ئەمڕۆ شێروان شێروانی و سلێمان ئەحمەد و قەهرەمان شوکریان لە زیندان توندکردووە". 

دەقی بەیاننامەکە بەمشێوەیەیە: 

کێ بوون ئەوانەی سەردەشتیان شەهیدکرد؟؟

چواردە ساڵ تێپەڕی ، بەڵام هێشتا خوێنی سەردەشت لەسەر عەردا ووشک نەبۆتەوە، لای ئێمەو خەڵکی ئازادیخواز  هێشتا وەک  یەکەم ڕۆژی   دەستپێکی ڕفاندنی سەردەشتە لەبەردەم کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین، چواردە ساڵ لەمەوبەر  دەستێکی ڕەش و ئاشکرا بەنوێژی نیوەڕۆ و بەبەرچاوی زانست و زانکۆ سەردەشتیان ڕفاندوو دواتریش  بەوەش نەوەستان تەرمی پیرۆزیان لەشاری موسڵ فڕێدا،  شەمشەکوێرەکانی وایان زانی ئەگەر تەرمی سەردەشت ببەنە دەرەوەی کوردستان ،  ئیتر سەردەشت کۆتایی پێدێت، بەڵام سەردەشت بوو بەتۆوی ئازادی و لەدوای خۆیدا  زیاتر  چەکەڵەی کردوو لەبەردەرگای  هەموو ماڵێکی ئازادیخواز بوو بەنەمامی ئازادی، لەهەموو شەقامێکی هەولێر بوو بەچرا، لەهەموو باخچەیەک بوو بەگوڵی ئازادی.

ئەوانەی سەردەشتیان شەهید کرد هێشتا لەسێبەری سەردەشت دەترسن ، فۆبیایان بەئازادی هەیە، بۆیە ئەوان هاتن شێروان و هاوڕێکانیان لەزیندان توند کرد، هاوڕێ وهەڤاڵەکانی سەردەشتیان لەخاک و زێدی خۆیان دەرکرد، ئەوئەقڵیەتەی سەردەشتی تی،،رۆرکرد، هەمان ئەم ئەقڵیەت و کارەکتەرانەن کە  ئەمڕۆ شێروان شێروانی و  سلێمان ئەحمەدو قەهرەمان شوکریان  لەزیندان توند  کردووە.

ئەو ئەقڵیەتە خێڵەکیەی کە سەردشتی تیرۆر کرد تەنیا لەبەر ئەوەی بە خەیاڵ ئاشقی کچەکەی سەرۆک بوو، بەڵام لە ئاست دوژمن و داگیرکەر سەر شۆر و سەر کزەو کەوا سووری بەرلەشکری داگیر کەرەو   قەڵای هەولێر بۆدوژمن و داگیرکەر دەڕازێنێتەوە.

ئەو ئەقڵیەتە خێڵەکی و بنەماڵەییەی سەردەشتی شەهید کرد، هەمان ئەو ئەقڵیەتەیە بەهۆی ملهوڕی و نەزانیەوە سەدا پەنجاو یەکی خاکی کوردستانی دۆڕاند، بەوەش ناوەستن دوای ئاشکرابوون و سڕینەوەی  چوار سەد هەزار دەنگدەری  ساختەیان و ئاشکرابوونی قەبارەو ئەقڵی بچوکیان دەیانەوێت دژی دیموکراسی و ئازادی بوەستنەوەو ڕێگە لەئەنجامدانی هەڵبژاردن بگرن، بۆ ئەوەی ئەم سەدا چل و نۆیەی کەماوەش لەدەستمان بچێت.

بەرزو پیرۆزە یادی سەردەشت و ئەمڕۆ لای ئێمە یادی چواردەساڵی لەدایک بوونیەتی  سەردەشت ئەمڕۆ تەمەنی چواردەساڵەوتازە بەرەو گەنجی وجوانی وگەورەی دەچێت و ڕۆژ  بەڕۆژ گەورەتردەبێت و بکوژانیشی بچوک بچوک دەبنەوەو تەنیا هەژماری  خۆیان لەدەست ماوە.


PM:05:39:05/05/2024