ئەنجامی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی کارەبا لە ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر ڕاگەیەندرا

وەزارەتی کارەبا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ قەیسەری هەولێر ڕەوانە کرد و ڕەتیدەکاتەوە ئاگرەکەی دوێنی شەو بە هۆی کارەباوە بووبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی وەزیری کارەبا لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکانی وەزارەتی کارەبا، بەسەرپەرشتی حسێن حەمەد ڕاوێژکاری وەزارەت سەردانی  شوێنی سووتانی قەیسەری هەولێریان کرد.

ڕوونیشیکردەوە کە دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەڵگەو ئاماژەی وا لەبەر دەستدا نەبوو بەوەی کە هۆکاری سووتانەکە پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت.

وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاند، لیژنەکەش هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی دەبێت لەگەڵ لیژنەکانی لێکۆڵینەوە و لایەنە پەیوەندارەکانی پارێزگای هەولێر.

شەوی رابردوو ئاگر لە بازاڕێکی گەورەی شاری هەولێر لە دوای کاتژمێر ٨ دا کەوتەوەو، بەمەش بووە پێنجەم ئاگری گەورە کە لەم وەرزەدا لە بازاڕەکانی ئەو شارە کەوتۆتەوە و بووە هۆی سووتانی ٣٧٢ دووکان و زەرەری ماددی زۆر لە هاوڵاتیان.

ئەم ئاگر کەوتنەوە زۆرە لە شاری هەولێر بۆتە جێگای گومان لەلایەن زۆرێک لە دووکانداران و رای گشتی خەڵکی کوردستانەوە. 



PM:02:23:06/05/2024