سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختی لەوە کردەوە کە یەکمجارە پارتی و یەکێتی بەمجۆرە لە هەڵبژاردن دەترسێن و وتیشی" نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی کاربەڕیکەر تۆماردەکەن تا بە هەڵوەشاوە لەقەڵەم بدرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند" یەکەمجارە پارتی و یەکێتی بەمجۆرەی ئێستا لە هەڵبژاردن دەترسن و دەیانەوێت تاوەکو ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام نەوەی نوێ لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی کاربەڕیکەر تۆماردەکەن تا بە ماوەبەسەرچوو و هەڵوەشاوە لەقەڵەم بدرێت".
راشیگەیاند" لەداهاتوودا هەرچی ڕووبەڕووی خەڵک و هەرێم بێتەوە پارتی و یەکێتی لێی بەرپرسن، چونکە لەپێناو چەند کورسییەک سەرکێشی بە خەڵک و هەرێمیشەوە دەکەن و دەیانەوێت ١١ کورسییەکەی کۆتا بگەرێتەوە و ئەگەر پێنج کورسی کۆتاش بگەڕێتەوە لەسەر حسابی پارتی و یەکێتی دەبێت".
شاسوار عەبدولواحید لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە وتی" جۆرێک لەڕێککەوتن هەیە ئەم دوو مانگەش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێردرێت، بەڵام بەغدا بەمەرجێک مووچە دەنێرێت فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە عێراقیەکان هەژماربکەنەوە و ماوەی دوو ساڵە نەوەی نوێ لە هەوڵدایە بۆ کردنەوەی لقی بانکی رەشید و ڕافیدەین لە هەرێم".