لەسەر ئاڵای داعش هەڕەشە لە جەمال پێنجوێنی دەكرێت

رووداو

دوای ئەوەی وێنەیەكی فۆتۆگرافەر جەماڵ پێنجوێنی لە پۆرتاڵی رووداو بڵاوكرایەوە، كە ئاڵای داعش لە پشت ئافرەتێكی نیمچەرووت هەڵواسراوە، ناڕەزایەتیەكی زۆری لە نێو بەشێك لە ئیسلامییە تووندئاژۆكان لێكەوتەوە و بەوهۆیەوە هەڕەشەی كوشتنی لێدەكرێت.
جەمال پێنجوێنی دەربارەی ئەو هەڕەشانەی ئاراستەی كراون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،" من دژی هیچ ئایینێك نیم لە دونیا، بەڵام هەندێ شت هەن پێویستە بگوترێن، من بەو ئەندامەی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێم كە هەڕەشەو جنێوی بە من داوە، ئەو ئاڵایەی ئێوە شانازی پێوە دەكەن، ئەوا لە ژێر ئەو ئاڵایە هەزاران كچی كوردیان بردوون و دەستدرێژییان كردوونەتەسەر، سەدان گەنجیان كوشتوون بۆچی ئەوكات دەنگتان نەكرد؟".
جەمال پێنجوێنی گوتیشی" من هەرگیز لە هەڕەشە نەترساوم و بەردەوامیش دەبم لە كارە هونەرییەكانم، ئەو هەڕەشانەش لەكاركردن ساردم ناكەنەوە، چونكە من باوەڕم بەكارە هونەرییەكانم هەیە".



PM:02:41:12/11/2014