66 حیزبی هەر چوار پارچەی كوردستان جەخت لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەنەوە

لەكۆبوونەوەیەكی حیزبە كوردستانییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان كە ئەمرۆ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، سەرجەمیان جەختیان لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كردەوە

سەرچاوەیەكی بەشدار لەكۆبوونەوەكەی ئەمرۆی حیزبە كوردستانییەكانی هەرچوارپارچەی كوردستان كە 66 حیزب‌و رێكخراو تێیدا بەشداربون، بە سپی میدیای رایگەیاند: سەرجەم حیزبە كوردستانییەكان، سەرەڕای پشتیوانیان لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەی ورمێ، سیاسەتە دژە مرۆییەكانی كۆماری ئیسلامییان ئیدانە كرد.

سەرچاوەكەی سپی میدیا وتی: كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ باس لەچەندین تەوەركرا، لەوانە باردودۆخی كوردستان‌و كۆنگرەی نەتەوەیی‌و كاری داهاتووی كۆبوونەوەی حیزبە كوردستانییەكان.

وتیشی: لەبەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكە، سەرجەم حیزبەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا، شەڕ‌و بەرخۆدانی شەڕڤانانی رۆژئاوای كوردستان‌و هێزەكانی پێشمەرگە لەباشوری كوردستان دژی تیرۆریزم راگەیاند.

هەروەها لەو بەلاغەدا سەبارەت بە رۆژهەڵاتی كوردستان، حیزبە كوردستانیەكان سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، لەسێداردان‌و گرتن‌و راوەدوونانی بیرجیاوازان مەحكومكرد‌و پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتنی بەندكراوانی سیاسی لە بەندیخانەی ورمێ راگەیاند.



PM:10:46:20/12/2014