بەرهەمهێنەرانی فیلمەكانی داعش ئاشكرا كران

كوالێتی بەرزی ڤیدیۆی سوتاندنی فرۆكەوانەی ئوردۆنیەكە‌و ئەو تەكنیكانەی تێیدا بەكارهاتوە، شارەزایانی ناچاركرد لەمبارەوە لێكۆڵینەوە بكەن تا بەرهەمهێنەرەكەی بدۆزنەوە.

رۆژنامەی "ساندی تایمز"ی بەریتانی لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە لەمبارەوە ئەنجامی داوە، گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە 5 گەنجی بەڕەگەز پورتوگالی كە نیشتەجێی بەریتانیا بوون، فیلمەكانی سەڕبڕین‌و سوتاندنی دیلەكانی داعش ئامادە‌و بڵاودەكەنەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەكە، سەرۆكی ئەم گروپە گەنجێكی تەمەن 28 ساڵە بەناوی "نیرۆ سرایۆڤا" كە باوكی چوار منداڵە. سرایۆڤای بەڕەگەی پورتوگالی نیشتەجێی لەندەن بووە كە ساڵی 2012 چووتە ریزی چەكدارانی داعش لە سوریا.

رۆژنامەی ساندی تایمز دەنوسێت كە سرایۆڤا، لەگەڵ چوار كەسی دیكە لەهاوبیرەكانی خۆی لە لەندەن دەژیان. ئەوان بۆ ماوەیەكی زۆر لەژێر چاودێریی هێزەی ئەمنی بەریتانیا بوون. ئەوان پاش ئەوەی بۆ بەریتانیا كۆچ دەكەن، لەوێ دەبنە موسڵمان.

بەوتەی ساندی تایمز ئەم 5 گەنجە لایەنگر تۆپی پێ بوون‌و یەكێك لەوانە بەناوی "فابیۆ بۆكاس"ی تەمەن 22 ساڵ، ساڵی 2012 دەگاتە لەندەن تا ببێتە یاریزانێكی تۆپی پێ.

ئەم پێنج كەس رۆژێك پێش بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی سوتاندنی فرۆكەوانە ئوردونیەكە لە پەیجەكانی خۆیان لەتویتەر ئاشكرایان كردبوو كە فیلمێكی نوێی داعش بڵاودەبێتەوە.



PM:02:18:05/02/2015