سبەینێ ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند سبەینێ یەكشەممە ئەنجومەنی باڵای نەوت‌و گاز لە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.

پاش نیوەرۆی ئەمرۆ د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی ساز كرد.

د.شێركۆ جەودەت لەو كۆنگرە رۆژنمەنوسییەدا ئاشكرایكرد كە  بڕیارە سبەینێ یەكشەممە ئەنجومەنی باڵای نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، و ئێمە داواكارین پرۆگرامێكی چاكسازی لەم پرسەدا دابنرێت و سەقفێكی زەمەنی دیاری كراوی بۆ دابنرێت.

هەروەك وتیشی: ئێمە وەك پەرلەمانتاران گرفتی گەورەی وەرگرتنی زانیاریمان هەیە و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان هاوكار نیە و پەرلەمانتارانی ئیحراج كردووە تەنانەت لای هاوڵاتیانیش و هەندێك جار زانیاری لە بەرپرسە عێراقیەكان وەردەگرن.

سەبارەت بە پاڵاوگە نایاساییەكان ووتی: كە ئێستا 100 پاڵاوگەی نایاسایی هەن و تا ئێستا بڕیاری داخستنیان نەدراوە سەرەڕای بەڵێنەكان لەكاتێكدا بەشێكی زۆریان كاریگەری خراپی تەندروستیان هەیە.

د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وتیشی: دیاری كردنی نرخی 700 دینار بۆ یەك لیتر بەنزین قازانجی بۆ حكومەت زیاتر دەبێت وەك لەوكاتەی بە 900 دینار بوووە، چونكە ئەو كاتە نرخی نەوت 110 دۆلار بوو بۆ یەك بەرمیل، لە كاتێكدا ئێستا نرخی نەوت نزیك بە 50 دۆلارە.



PM:04:33:28/02/2015