بەپێیی توێژینەوەیەك ساڵانە ڕێژەی (2,9%) كۆچبەر ڕوی لە شاری هەولێر كردوە


بەپێیی توێژینەوەیەكی زانستی ساڵانە ڕیژەی كۆچبەران بۆ شاری هەولێر گەیشتۆتە (2,9%)،كە زۆربەیان لە گوندەكانی پارێزگاكەو ئەو پارێزگایانەوە هاتون كە هاوسنوری پارێزگای هەولێرن، ئەوەش لە دوو روەوە كاریگەریان لەسەر شاری هەولێر بەجێهیشتوە، لەلایەك بۆتە هۆی فراوانبونی ڕوبەری شاری هەولێر بەڕێژەی (21%) ساڵانە,  لەلایەكی دیكەش بۆتە هۆی دەركەوتنی سیمایەكی ناڕێك لە جۆری خانوبەرە، تۆڕەكانی رێگەوبانی ناو گەرەكەكان، بەكارهینانی كەرەستەی بیناسازی هەرزان بەتایبەت لەو گەڕەكانەی كە كۆچبەران تییدا نیشتەجێبون.

زانیارییەكانی ئەو توێژینەوە ئەكادیمیە، ناوەڕۆكی تێزێكی دكتۆرایە لە بواری جوگرافیای شار، كە لەلایەن خوێندكاری دكتۆرا (هیوا ئەمین شوانی) وەك بەشێك لە پێداویستیەكانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا پێشكەشی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەددین-ی كردوەو، ئەمڕۆ شەممە، ڕێكەوتی (28/3/2015)لەلایەن لێژنەیەكی پسپۆڕەوە لە هۆڵی (فەرهادی) تاوتوێ‌ كراو و، وەرگیرا، بەوەش پلەی دكتۆرای پێبەخشرا.

ئەو تێزی دكتۆرایە كە بەناونیشانی (كۆچ و كاریگەریەتی لەسەر مۆرفۆلۆجی شاری هەولێر- لێكۆڵینەوەیەكە لە جوگرافیای شار) ئامادەكراوە، تێیدا بەورد و داتای دروست ئاماژەی بە هۆكارەكانی كۆچكردن بۆ شاری هەولێر خستۆتەڕو، لەوانەش ئاماژەی بە جیاوازی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی و ئابورییە جۆراو جۆرەكان لە نێوان شارو لادێ‌ و، چڕبونەوەی ڕێژەی (64%) پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و زۆربەی چالاكیە ئابورییەكان (پیشەسازی و بازرگانیەكان) لە شاری هەولێر، لەهەمان كاتدا باشی دۆخی ئەمنی لەو هۆكارانەن كە بونەتە هۆكاری كێشكردنی كۆچبەران بۆ شارەكە.

توێژینەوەكە ئەوەشی دەرخستوە شاری هەولێر زیاتر بەئاڕاستەی ڕۆژهەڵات و باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەكە بەڕێژەی (41%) فراوان بوەو، هەروەك بەڕێژەی نزیكەی (24%)بەئاڕاستەی باكورو باكوری ڕۆژهەڵات فراوان بوە، ئەوەش كاریگەری هەبوە لەسەر مۆرفۆلۆجیای شارەكە، بەشێوەك شاری هەولێر شێوەی درێژی وەرگرتوە لەسەر حیسابی شیوە بازنەیەكەی.

لێژنەی گفتوگۆ پێكهاتبو لە:

    ناو                     پلەی زانستی     پسپۆڕی             شوێنی كار                لێژنە

1    د.صلاح حمید جنابی    پڕۆفسۆر    جوگرافیای شار    خانەنشین – ز. موسڵ    سەرۆك
2    د.فۆاد قادر أحمد    پ. یاریدەدەر    جوگرافیای شار    زانكۆی سەڵاحەددین    ئەندام
3    د.سلیمان عبدالله إسماعیل    پ. یاریدەدەر    جوگرافیای سیاسی    زانكۆی سەڵاحەددین    ئەندام
4    د.عبدالله غفور إسماعیل    پ. یاریدەدەر    جوگرافیای دانیشتوان    زانكۆی سەڵاحەددین    ئەندام
5    د.نشوان شكری عبدالله    پ. یاریدەدەر    جوگرافیای شار    زانكۆی دهۆك    ئەندام
6    د.خلیل إسماعیل محمد    پڕۆفسۆر    جوگرافیای لادێ‌    زانكۆی سەڵاحەددین    ئەندام و سەرپەرشتیار




PM:05:42:28/03/2015