ئەمرۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا دەست پێدەكاتەوە

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت، دوای ئەوەی بە هۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راگیرا، بڕیارە ئەمڕۆ دووبارە دەست بە هەناردەكردنی بكرێتەوە.

فوئاد حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیژنەی نەوت وگاز  بە ماڵپەری فەرمیی پارتی راگەیاند: "دوێنێ بە هۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە كۆمپانیای باكوور راگیرا، كێشەكەیش لەناو خاكی توركیا بووە و لە پارێزگای كەركووك نەبووە، چونكە لە توركیاوە داوای راگرتنی نەوتیان كردبوو بە هۆی ئەوەی لای ئەوان كێشەیەك دروست بووە".

وتیشی: "كێشەكە زۆر گەورە نییە و بڕیارە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا چارە بكرێت و، بڕیارە ئەمڕۆیش دووبارە دەست بە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركی بكرێتەوە و هیچ كێشەیەك نامێنێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا لە كۆمپانیای نەوتی باكوور لە كەركووك رۆژانە ١٤٧هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت و سەرەڕای دروستبوونی ئەو كێشەیە، ئەوان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت و لەناو كۆگاكان دایدەنێن، تاوەكو كێشەكەیش چارە ببێت هەنارەی دەرەوەی دەكەن.

هەروەها وتی، لەو كێڵگانەی هەرێمی كوردستان نەوتی لێ هەناردە دەكات، هیچ كێشەیەك نییە و هەناردەكردنەكە بەردەوامە.



PM:02:37:14/05/2015