ئەو ئەفسەرەی تەرمی ئایلانی دۆزینەوە: هەر كە بینیم منداڵەكەی خۆم بیركەوتەوە

ئەو ئەفسەرەی جەندرەمەی توركیا كە تەرمی ئایلانی كوردی لە كەنارەكانی توركیا دۆزییەوە باس لەو كاتە دەكات كە چووەتە سەر تەرمەكە‌و هیوای خواستە كە ئەو منداڵە نەمردبێت.

محەمەد چپلاك، ئەو ئەفسەرەی ئایلانی تەمەن سێ ساڵانی دۆزییەوە لە لێدوانێك بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت: سەعات چواری بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە كرا كە لە كەناراوەكانی یاكیارلار فەنەربورنو بەلەمێك نقوم بووە و بەهۆیەوە چەندین سەرنشین خنكاون و تەرمەكانیان هاتۆتە كەنار دەریا.

ئەو دەڵێت سەعات پێنجی بەرەبەیان بۆ لێكۆڵینەوە چۆتە شوێنی رووداوەكە لە كەنار دەریا و هەندێك هاووڵاتیش گەیشتووبوونە كەنار دەریا و تەرمی ئایلان لەسەر  لمی كەنار دەریا لەسەر دەم  كە ناوبەناو شەپۆلی دەریاكان لێی دەدا، راکشابوو.

محەمەد دەڵێت: "كاتێك چوومە شوێنەكە نزام كرد كە ئەو منداڵە نەمردبێت ، هەوڵم دا كە ئاماژەیەك بدۆزمەوە كە لە ژیاندا ماوە، بەڵام بەداخەوە. زۆر نیگەران بووم. هەركە منداڵەكەم بینی، كوڕەكەی خۆمم بیركەوتەوە و وێنەكەی هاتە پێش چاوم".

ناوبراو وتی: "هەندێك كات خەڵك دەترسێت لەوەی لە تەرم نزیك ببێتەوە، ئەو كات جگە لە ئەركەكەم، وەك ئەوە بووم كە باوكێك باوەشی كردبێت بە منداڵەكەیدا. تەرمی ئایلان زۆر سووك بوو، بەڵام هەڵگرتنی بۆ باوكێك زۆر قورس بوو".

محەمەد چپلاك ئاماژە بەوە دەكات كە هەرگیز بە خەیاڵیدا نە دەهات ئەو فۆتۆگرافانە بە تەواوی جیهاندا بڵاو دەبنەوە و دەبنە بابەتی رۆژ.



PM:01:42:06/09/2015