لە رۆژئاوای کوردستان ئەوەی کۆچ دەکات ماڵەكەی دەستی بەسەردا دەگیرێت

بەپێی یاسای كانتۆنەكانی رۆژئاواوی كوردستان هەر كەس بەرەو هەندەران كۆچ بكات موڵك‌و ماڵەكەی لەلایەن حكومەتەوە دەستی بەسەردا دەگێرێت‌و ئەو كۆچبەرانە بۆیان نیە موڵك‌و ماڵی خۆیان بفرۆشن.

لەمبارەیەوە عەبدولسەلام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی گەل لە رۆژئاوای كوردستان بە هەواڵنێری فەرمی ئێران (ئیرنا)ی راگەیاند: بۆ پێشگرتن لە كۆچی خەڵك، ناچاربووین ئەم یاسایە جێبەجێ بكەین و بەو پێیە ئەو عەرز و موڵك ماڵانەی كە تایبەت بە كۆچبەرانی رۆژئاوای كوردستانە، دەستی بەسەردا دەگیردرێت.

وتیشی: كۆچ كردن ئەمڕۆكە بووەتە پیلانێكی دیكە بۆ لەنێوبردنی نیشتمانی ئێمە و ئێمە رۆژانە بینەری ئەوەین كە خەڵك عەرز و ماڵەكەی خۆی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی پارەیەكی دەست كەوێت و بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچ بكات.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە پەیەدە، ئەم زانیارییانەی بۆ سپی پشتڕاست كردەوە وتی: ئێمە تا ئێستا لەشەری دژی داعش زیاتر لە 15 كەسمان شەهید بووە كە لە چوارپارچەی كوردستان بوون، ئەمە شەهیدانەش لەپێناو بەختەوەری ‌و ئاسایشی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بووە‌و شیاو نیە خەڵك پشتی تێبەكەن‌و چۆڵی بكەن.



PM:02:05:21/09/2015