سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت کێشەکان چارەسەری بنەڕەتییان بۆ بدۆزینەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت "لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، پەیوەندی نێوان پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێداویستییەکی گرنگە، بۆ هەماهەنگی و هەنگاونان بەرەوچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا." 

ئەمڕۆ شەممە، لە نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە شاری سلێمانی د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، لە دوو دیداری جیاوازدا، پێشوازیکرد لە ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و د.دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەران و بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئەمەریکا. لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "پەرلەمان و سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراق پەیامی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیان ناردووە، گرنگە پرۆسەی دیموکراتی و نوێنەرایەتیکردنی لایەنەکانی کوردستان لە ناوەندی بڕیاردان بێت، بە پێی سەنگ و قورساییان، چونکە بارودۆخی هەرێمی کوردستان زۆر هەستیارە." وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش ڕایگەیاند " سەرۆکی حکومەتی عێراق نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، دەبێت ڕێز لە دەنگی هاوڵاتی و سەنگی لایەنە سیاسییەکان بگیرێت و لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا پەنا بۆ یاسا ببرێت نەک هێز."

سەبارەت بە کێشەکانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند:"بە تەنها بە دامەزراوەکردنی دەزگاکانی دەوڵەت دەتوانین ڕەوتی دیموکراتی بەرەو پێش بەرین، دەبێت کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەری بنەڕەتییان بۆ بدۆزینەوە." 



PM:08:45:24/10/2015