" حکومەتی هەرێم بێدەنگە لەسەر هەردوو فڕۆکە پڕ چەکەکەی بەغدا رێگای نەدا بێتە هەرێم"

ماوەی هەفتەیەکە بە بڕیاری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە عەبادیە، دوو فرۆکەی نێردراوی پڕچەک کە وا بڕیاربووە لەبەغداوە بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، گەڕێنرانەوە بۆ وڵاتەکانیان، دوێنێ وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ئەو پرسە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم بێدەنگە.

دوێنێ ١١/٦ وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند " بەبڕیاری عەبادی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رێگا نەدراوە بەو دوو فڕۆکەیەی تورکیاو کوەیت کە چەکیان پێبووەو لەنێوایاندا چەکی دەمانچەی بێدەنگ بگوازنەوە بۆ هەرێم، چونکە ئەو لیستەی رەزامەندی لەسەر پێشاندراوە چەکی " دەمانچەی بێدەنگی" تیا نەبووە، هەربۆیە گەڕێندراوەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

تا ئێستا حکومەتی هەرێم بێدەنگە لەو دوو فڕۆکە پڕ چەکەی وا بڕیاربوو چەکەکانی ناویان بگوازرێنەوە کوردستان، بەڵام لە فڕۆکەخانەی بەغدا رێگای لێگیراو نەهێڵرا ببرێنە کوردستان، بەو پێیەی دەمانچەی بێدەنگی تێدا بووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سێ شێواز چەک دەهێنێتە هەرێم، یەکێكیان لە رێگای وەزارەتی پێشمەرگەوە، یەکێکی تریان لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆوە، سێهەمیان ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگاکانی دەیهێننە کوردستان، دەزگاکانی پۆلیس و ئەمنی هەولێر بۆخۆیان دەیکڕن و ئەوانەی سلێمانیش بە جیا بۆخۆیان دەیکڕن، تا ئێستا نەزنراوە ئەو دوو فڕۆکەیە بۆ کام لەو دەزگایانەیەو بۆ کام شارە، هەولێر یان سلێمانی. 
       



AM:11:35:07/11/2015