مەرجی پارتی: دەبێت گۆڕان داوای لێبوردن بکات

پارتی دیموکراتی کوردستان لەرێگای ئەندامێکی سەرکردایەتیەوە ئاشکرای دەکات مەرجی چیە بۆ گفتوگۆکردن و دەڵێت" مادام گۆڕان ئاژاوەیان نایەوە، دەبێ داوای لێبوردن لە خەڵكی هەرێم بكەن و كەی داوای لێبوردنیشیان لە خەڵك كرد و دەستبەرداری ئەو سیاسەت و پلانانەی جارانییان بوون ئەوكات دەرگای گفتوگۆی پارتی دانەخراوە".
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان 
عەلی حسێن ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت" تائێستا لە هەولێر گۆڕان بارەگاكانی كراوەیە و كاری خۆیان دەكەن، بەڵام ئێمە هەڵویستێكی سیاسیمان لە بەرانبەر گۆڕان وەرگرت لە ئاست پەرلەمان و حكوومەت، چونكە ئێمە بەڕێكکەوتنی سیاسی لەگەڵیان ڕێكکەوتبووین و بۆ ئەندامیەتیی پەرلەمانیش ئێمە گرفتمان نییە، چونكە خەڵك دەنگی پێ داون، بەڵام ناكرێ لە حكوومەتدا بیت و ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتیش بیت و، پیلانیش بگێڕی".

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە "بۆگفتوگۆ و دانیشتنەوە لەگەڵ گۆڕان خۆ ئێمە یەك میللەتین و هەرچۆنێك بێت دەرگای گفتوگۆ بە یەكجاری داناخەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە نەك هەر مەرج لە بزووتنەوەی گۆڕان قەبووڵ ناكەین بۆ گفتوگۆ، مەرجی خۆیشمان هەیە، چونكە كارەكە ئەوان كردوویانە و كاردانەوە ئێمە بووین، گۆڕان هۆكاری دروستبوونی پشێوی بوون لە هەرێم و دەبێ داوای لێبوردن لە خەڵكی هەرێم بكەن كە ئەزیەتیان داون و ماڵیان سووتاندوون و شەهیدیان كردوون، بەتایبەت لەبارەی ئەو مەترسییەی خستیانە سەر هەرێم بە گشتی، با گۆڕان داوای لێبوردن لە خەڵك بكات، ئینجا بیر لەوە بكەنەوە لایەنی تر و كەسانی خاوەن پێگە بتوانن ڕۆڵێكی كاریگەر بگێڕن لەوەی كە بیانگەڕێننەوە نێو مەنتق و واز لەو سیاسەت و پیلانانگێڕیانەیان بێنن كە دەیانكرد، بۆیە كەی ئەوان داوای لێبوردنیان لە خەڵك كرد و دەستیان هەڵگرت لەو سیاسەت و پیلانەی جارانیان، ئەوكاتە دەرگای گفتوگۆی پارتی داخراو نابێت".
ئەو ئەندام سەرکردایەتییە دەڵێت "ئەوەی پارتی كردی كاردانەوەیەك بوو بەرامبەر بە كردەوەکانی گۆڕان، ئەو كاردانەوەیەش بە تووڕەییەوە نەبوو، بەڵكو بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بوو، لەبەر ئەوەی بەپێی ئەو دیكۆمینتانەی لە بەردەستدان و لە ماوەیەدا بڵاوكراونەتەوە ئاماژە بەوە دەكەن پلانگیری و بەرنامەی گۆڕان دەبووە هۆكاری پشێوی و ئاساییشی كۆمەڵایەتی لە هەرێم دەخستە مەترسییەوە، دەشبووە مەترسییەك بۆ سەر ئەو ئەزموونەی كە لە هەرێم هاتووەتە كایەوە، بۆیە پارتی هەستی بە بەرپرسیاریەتیی كرد و كاردانەوەی خۆی نیشاندا".

عەلی حسێن لەسەر پەیوەندی خۆیان و یەکێتی دەڵێت" پارتی و یەكێتی لەبەر ئەوەی بە قۆناغێكی دوورودرێژدا تێپەڕیون و ئەرك و بەرپرسیاریەتیان زیاترە لە خەڵكی تر، وەك چۆن خەڵك زیاتر ڕەخنە لە ئێمە دەگرێت، بەرپرسیاریەتییەکەیشمان زیاترە، بۆیە كە مەرترسییەك لەسەر هەرێم دروستبوو ئێمە دەبێ بەرگەی ئەوە بگرین، با بەزیانی ئێمەش تەواو بێت، دەبێ بە قازانجی ئەزموونی هەرێم تەواوی بكەین، بۆیە پارتییش لەم ڕوانگەیەوە بڕیاری خۆی داوە".



PM:10:34:08/11/2015