بەرپرسێکی یەکێتی لەشەنگال: پەیوەندی نێوان هەموو لایەنەکان زۆر باشە

بەرپرسی مەڵبەندی شەنگالی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەمیل خدر رایگەیاند" شەنگال رزگارکراوە و ئێستا داعش بەدووری ٢٠ کم لە باشووری شارەکە دوررخراوەتەوەو پەیوەندی نێوان لایەنەکان، پارتی و یەکێتی و پەکەکەو شەڕڤانان زۆر باش و ئاساییە".

جەمیل خدر کە ئێستا خۆی لەناو شەنگالەو لەبارەگای مەڵبەندی یەکێتیدایە، بە سپی میدیای راگەیاند" پەیوەندی نێوان پێشمەرگەو گەریلاو شەڕڤانان زۆر باشەو هەماهەنگی باش لەنێوانیاندا هەیە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێزی وەزارەتی پێشمەرگەو یەکەکانی ٧٠ و یەکەکانی ٨٠ ی پێشمەرگەو گەریلاو شەڕڤان هەموویان بەشداریان کردووە لە رزگارکردنی شەنگالدا.


ئەو ئۆپراسیۆنە کە دوورۆژە بەردەوامە، وەک جەمیل خدر ئاماژەی بۆ دەکات دوێنی شەڕی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ داعش لەرۆژهەڵاتی شارەکە لەئارادابووە، بەڵام ئەمرۆ شەڕی روبەروبوونەوەی وەها نەبووەو داعش لەشارەکە هەڵهاتووە، بەڵام زۆر شوێنی شارەکەی مینڕێژ کردووە.

جەمیل خدر بەشداری هێزەکانی یەکێتی ئاشکرا کردو وتی" یەکێتی بە لیوایەک کە سەر بەهێزەکانی ٧٠ بووەو کادیرو پێشمەرگەی هەرسێ مەڵبەندی موسڵ و شەنگال و دهۆک بەشداری شەڕەکەیان کردووە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی باسی لەوە کرد کە لەدووری ٢٠ کم داعش لە هەردوو کۆمەڵگای ( تەل قەسەب و تەل بەنات ) ماوە، بەڵام هیچ مەترسی لەسەر شەنگال نەماوە.

بەرپرسی مەڵبەندی شەنگال پێیوایە شەنگال پێویستی هەوڵێکی زۆری تیمی مین هەڵگرتنەوە هەیە بۆ پاککردەنەوەی شارەکە کە زۆربەی شوێنەکانی مینڕێژکراوە.   



PM:01:14:13/11/2015