پارتی بە بێ هیچ مەرجێك ئامادەی گفتوگۆیە

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت هەڵمەتی راگەیاندنمان راگرتووە‌و بە بێ هیچ مەرجێك ئامادەی گفتوگۆین.

هێمن هەورامی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  لەكۆبونەوەكەدا لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێم قسە كراوە، ئەوان پێیان وتون تێكەڵی دۆخی سیاسی هەرێم نابن، بەڵام لەگەڵ ئەوەن كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكان چارەسەر بكرێن و هەروەها چارەسەری ریشەیی بۆ دۆخی ئابوری هەرێم بدۆزرێتەوە و پێكەوە لەشەڕی تیرۆر بەشداربن، چونكە رەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان زۆر گرنگە.

وتیشی :"هەر لەو كۆبونەوەیەدا ئیدانەی توندوتیژیەكانی سلێمانیان كردووە و داواشان كردووە كە پرۆسەی سیاسی بۆ پێشەوە بچێت و دیموكراسیەت باشتر بچەسپێ، ئێمەش پێشوازیمان كرد لەم هەوڵە، خاڵی هاوبەشیش لەنێوانماندا هەبوو، بەتایبەت كە ئەوەی ئێمە پێمان وایە كوردستان لەبەر مەترسی گەورەدایە، ئەوانیش وتویان، كە پێویستە هەڵمەتی راگەیاندن رابگیرێ بۆ ئاسایی كردنەوەی بارودۆخەكە، ئێمەش پێمان وتن كە هەفتەیەك زیاترە هەڵمەتی راگەیاندنمان راگرتووە و پارتیش بەبێ هیچ مەرجێك لەگەڵ گفتوگۆدایە ".

ئەوەشی خستەڕوو، نوێنەری ئەو وڵاتانە  پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێم دەربڕیوە و بەپێویستیان زانیوە كە بەكەیەوە باری سیاسی و ئابوری بۆ پێشەوە بەرین و شەڕی تیرۆر بكەین، چونكە سەقامگیری هەرێم بۆ ئەوان زۆر گرنگە.



PM:02:21:15/11/2015