تەرمی 15 كوردی ئێزیدی دەگاتەوە هەرێمی كوردستان

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەمڕۆ تەرمی 15 كوردی ئێزیدی كە لە دەریاچەی ئیجەدا خنكاون، دەگاتەوە هەرێمی كوردستان.

لەمبارەوە خەیری بوزانی بە‌ میدیاكانی ڕاگەیاند: "‌ئەمڕۆ پینجشەممە سەعات 1 و15 خولەكی دوای نیوەڕۆ بڕیارە لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە تەرمی 15 قوربانیی كوردانی ئێزدی كە لە دەریای ئیجەدا خنكاون، بگاتەوە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ئەنجوومەنی روحانیی ئێزدییەكان و ژمارەیەك پیاوماقووڵ و ریشسپی وەردەگیرێنەوە".

وتیشی: "تەرمی ئەم قوربانیانە ئەگەر ناوچەكانیان ئازاد كرابێت، لە شوێنەكانی خۆیان دەنێژرێن، ئەگەر نا لە گۆڕستانەكانی دیكە بە خاك دەسپێردرێن".

دەشڵێت: "بڕیارە تەرمی دوو قوربانیی دیكە كە منداڵن، لە رۆژانی داهاتوودا و دوای جەژنی كوردانی ئێزدی، بگاتەوە هەرێمی كوردستان كە ئێستا لە نەخۆشخانەیەكی یۆنانن".



PM:01:41:24/12/2015