" ئەگەر لەو ڕۆژەدا بڕۆشتمایە بۆ هەولێر شەڕی ناوخۆ ڕوویدەدا"

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر لەو ڕۆژەدا داببەزیمایە یان هەوڵی ئەوەم بدایە بڕۆشتمایە بۆ شاری هەولێر ئەوە جەنگی ناوخۆ ڕوویدەدا، چونکە لەو ڕۆژەدا هێزیکی زۆر لە بازگەکەدا مەتەرێزیان لێدابوو و بە چەکی قورسەوە لەوێدا جێگیر بوو بوون و بە دابەزینی من ئەگەری هەر ڕووداوێک چاوەڕان کراو دەبوو".

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی NRT دا ڕایگەیاند، مانەوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هۆکاری دروستبوونی کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمە، ئەگەر بەشێوازێکی ئاشتییانە دەسەڵات ئاڵوگۆڕی بکردایە کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێم دروست نەدەبوو.

وتیشی، پرسی دەستوور پەیوەندیی بە سەرۆکایەتیی هەرێمەوە نییە و ئەوانیش سێ ڕێگەیان گرتووەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێم، ڕێگەی یەکەمیان دامەزراندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بووە بۆ ئەوەی لەکاتی کۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆکایەتیی هەرێمدا، بتوانرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتیشی، هەنگاوی دووەمیان هەوڵدان بووە بۆ هەموار کردنەوەی دەستووری هەرێم و دیاریکردنی سەرۆکی هەرێم لە ڕێگەی دەستوورەوە، ڕێگەی سێیەمیش هەوڵدان بووە بۆ هەموار کردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم.

لەبارەی دانیشتنی ١٩ ی ئابی ساڵی ٢٠١٥ ی پەرلەمانیشەوە ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شەوی ١٨ لەسەر ١٩ ی ئابی لایەنە سیاسییەکاندا هەریەکە لە یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کردبوو، بەڵام فراسیۆنەکانیان ئامادە نەبوون لە پەرلەمان داوای دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمان بکەن و ئەویش بە فراکسیۆنەکانی ڕاگەیاندووە، کە لە دانیشتنی پەرلەماندا داوای دواخستنی کۆبوونەوەکە بکەن و بە دەنگدان بڕیار لەبارەی دواخستنی کۆبوونەوەکە بدەن، بەڵام ئەو کارە ئەنجام نەدراوە.

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بۆ لە بازگەی پردی دانەبەزیوە ڕاگەیاند "ئەگەر لەو ڕۆژەدا داببەزیمایە یان هەوڵی ئەوەم بدایە بڕۆشتمایە بۆ شاری هەولێر ئەوە جەنگی ناوخۆ ڕوویدەدا، چونکە لەو ڕۆژەدا هێزیکی زۆر لە بازگەکەدا مەتەرێزیان لێدابوو و بە چەکی قورسەوە لەوێدا جێگیر بوو بوون و بە دابەزینی من ئەگەری هەر ڕووداوێک چاوەڕان کراو دەبوو".



PM:08:15:15/01/2016