نرخی نۆرینگە ئەھلییەکان کەمدەکرێتەوە
بەھۆی قەیرانی دارایی و بۆ ھاوکاریکردنی ھاوڵاتیان، نرخی نۆرینگە ئەھلییەکان لە قەزای چەمچەماڵ کەمدەکرێتەوە، قایمقامی ئەو قەزایەش رێژەی کەمکردنەوەکە ئاشکرا دەکرێت.
ئەمڕۆ ئامانج محەمەد قایمقامی چەمچەماڵ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەچەند رۆژی رابردوودا کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پزیشکانی چەمچەماڵ کردو داوامان لێکردن لەم کاتەدا کە ھاوڵاتیان لەدۆخێکی خراپدان و موچەکانیان دواکەوتووە، نرخی نۆرینگەکانیان کەمبکەنەوە.
وتیشی:" بە سوپاسەوە پزیشکان بەدەم داواکەمانەوە ھاتن و نرخەکانیان کەمکردەوە".
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا کە بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ و سەرۆکی لقی چەمچەماڵی سەندیکای پزیشکانی کوردستان ئامادەیبوون، قایمقامی چەمچەماڵ رێژەی کەمکردنەوەی نرخەکانی راگەیاندو وتی: "نرخەکان بەڕێژەی ٢٠% کەمکراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا نرخی نۆرینگەکان لە ١٥ ھەزار دینارەوە بۆ ١٢ ھەزارو لە ١٠ ھەزارەوە بۆ ٨ ھەزار دینار کەمکراوەتەوە".
PM:03:50:24/01/2016