"شاناز ئیبراهیم خەریكی لەخشتەبردنی خەڵكە"

لەوتارێكدا كە لە ماڵپەڕەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نوسراوە هاتووە "بێ ئەوەی ھیچ کارێکت کردبێت تەنانەت نیوەی غراماتی کامیراکانی ھاتوچۆشتان لەبەردەستە".

نوسەر بەناوی ئیبراهیم عەباس، لە وتارەكەیدا كە لەماڵپەڕی فەرمی رێكخستنی پارتیدا بڵاوكراوەتەوە، لەكاردانەوەیەك بە وتاری پێشووی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەنوسێت: "ئەو خاتوونە کە ھەموو ژیانی لە لەندەن بەسەر بردووە و کاتژمێرێک لەگەڵ ژان و ئازارەکانی خەڵکی کوردستان و ئەو ھەموو نەھامەتیە زۆرانەدا نەژیاوە کە دوچاری خەڵکی کوردستان بوون، بەڵام چونکە شاناز و ئەوانەی لەگەڵ ئەو لەسەنگەری فیتنە و ئاژاوە و دووبەرەکیدان، کاریان ختوکەدان و جوڵاندنی ھەستی خەڵکی سادەیە، دێت بە بازادان بەو ھەموو راستیانەی خۆی دەسەڵاتی بەسەردا دەشکێن (بەتایبەت کە نیوەی داھاتی کوردستانتان لەبەردەستە) و لەو ھەموو بەھەدردانەی لە پارەی ئەم میللەتە دەیکات، ھێرش دەکاتە سەر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان".

نوسەر دەنوسێت:  "تۆ کە مرۆڤێکی ھیچ کەفائەتێکت نییە تەنھا ئەوە نەبێت کە کچی ئیبراھیم ئەحمەد و خوشکی ھێرۆخان و ژنخوشکی بەرێز مام جەلالیت، بێ ئەوەی ھیچ کارێکت کردبێت نیوەی سەروەت و داھاتی نەوت و غاز، گومرگ و داھاتی شارەوانییەکان وەبەرھێنان و تەنانەت غراماتی کامیراکانی ھاتوچۆشتان لەبەردەستە، لەجیاتی ئەو تەخشان و پەخشانەی بۆ کرینی وەلائی کادرەکانی یەکێتی بۆ بەرژەوەندی باڵەکەتان دەیکەن و لەجیاتی ئەو ھەموو پارە زەبەلاحەی دەیدەن بە کەناڵی کوردسات و شوینەکانی تر، فەرموو مووچەی فەرمانبەرانی ژێر دەسەڵاتی خۆتان بدەن".

لەكۆتایی وتارەكەدا هاتووە "دانیشتن لەسەر مێزو کورسییەک و ختوکەدانی خەڵکی سادە، بە وتاری فریودەرانە کۆتایان ھاتووە و لەراستیشدا شاناز ئاخر کەسە مافی ئەو رایانەی ھەبێت، چونکەئەو خاتوونە ھێندەی خەریکی لە خشتە بردنی خەڵکە، ئەگەر نیو ھێندە خەریکی کار بوایە، لانی کەم نیوەی خەڵکی کوردستان ژیانیان لەو خەیاڵپڵاویەدا دەبوو کە شاناز لە وتارەکانی بۆیان دەھۆنێتەوە".



PM:03:39:30/01/2016