ئەوقاف: عەلی باپیر لەناو مزگەوتدا پێشێلكاریی ئەنجام داوە

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی شەقڵاوە رایدەگەیەنێت: ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هەوڵیداوە سەودا‌و مامەڵە بەهەست‌و سۆزی كەسوكاری ئەو شەش هاوڵاتییەوە بكات كە ئیجەدا خنكاون.

لەبەیاننامەیەكدا بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی شەقڵاوە دەنوسێت: رۆژی هەینی 29/1/2016 عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەمزگەوتی گەورەی بالیسان كەبەمزگەوتی(شێخان)ناسراوە كە پرسەی شەش هاوڵاتی گوندی(توتمە)ی تێدابوو لەم رۆژانەی رابردو لەدەریای ئیجە خنكابوون" بەشداری پرسەكەی كردوە و ئەم كۆبونەوە كۆمەڵایەتیەی لەناو مزگەوتتدا بەهەل زانیوە و پێچەوانەی رێنماییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم كە دوای تەواوبونی پرسە جگە لەمامۆستای مزگەوت نابێ كەس وتار پێشكەش بكات"وتارێكی سیاسی داوە و تیایدا وەك موزایەدەی سیاسی لەسەر حكومەتی هەرێم ئەجیندای حزبەكەی خستۆتەڕوو.

هەروەها هاتووە:  "لەوتارەكەیدا عەلی باپیر هەوڵیدا سەودا و مامەڵە بەهەست و سۆزی كەسوكاری ئەو شەش هاوڵاتیە كۆچكردوە و هەموو ئەو كەسانە بكات كە لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوروپا كۆچ دەكەن و كۆمەڵێك ڕستەی سیاسی بەسەر ئامادەبوانی ئەو پرسەیەدا بەخشیوەتەوە كە جگە لەوەی تەواو پێچەوانەی رێنماییەكانی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمە لەهەمان كاتیشدا پێچەوانەی عورفی ئاینی و كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستانە و بەسیاسیكردنی رێوڕەسمە كۆمەڵایەتیەكانە".

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی شەقڵاوە لە بەیاننامەكەدا جەخت دەكاتەوە "ئێمە لەكاتێكدا ئەم پێشێلكاریە لەناو مزگەوتێكی سنوری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان ئیدانە دەكەین"بەنوسراوی رەسمی داوا لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی دەكەین بەرامبەر ئەم پێشێلكاریە رێكاری یاسایی بگرێتەبەر".



PM:02:05:02/02/2016