یەکێتی لەگەڵ دولایەنە ئیسلامیەکە لەسەر شكاندنی بایكۆت کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتی سەبارەت بە شکاندنی مانگرتنی مامۆستایان بەجیا لەگەڵ ھەریەک لەکۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی لەشاری سلێمانی کۆبۆوە.
 
یاسین حەسەن لێپرسراوی مەڵبەندی کۆمەڵی ئیسلامی لەسلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ئامانجی کۆبونەوەکەی لەگەڵ یەکێتی باسکردو ڕایگەیاند، "ئێستا پارێزگاری سلێمانی بەقۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت لەبایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایان و خوێندکارانەوە جگە لەو قۆناغە سەختەی ڕوی لەھەموو ھاوڵاتیان کردوە".
 
وتیشی:"ھەموان لەھەوڵداین بۆ چارەسەری ئەو دابەشبونەی لەنێوان مامۆستایاندا ڕویداوە، ھەوڵدەدەین ئەوە بەردەوامنەبێت، بەڵکو ھەموان پێکەوە پشتیوانی بکەین لەمامۆستایان و داواکارییەکانیان".
 
ئەوەشی وت:"داوادەکەین دەسەڵات لەھەرێمی کوردستان ئەو نیو موچەیەی مامۆستایان دابین بکات و ئاوڕی جدی لەژیانی مامۆستایان بداتەوە، ھاوکات کاتێکیش دیاری بکات بۆ دابەشکردنی موچەکەیان و پێداچونەوەش بەپاشەکەوتی مامۆستایاندا بکات".
 
بەرپرسەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی ڕونکردەوە، ئەگەربێت و حکومەت گۆڕانکاری لەپاشەکەوتی موچەی مامۆستایاندا بکات، ھەوڵدەدرێت بایکۆت بشکێندرێت و کۆتایی بەپرسە بھێندرێت.



PM:02:29:25/02/2016