لەسەر پەکخستنی پەرلەمان داواکاری گشتی داوا دژی بارزانی دەجوڵێنێت

سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی رایگەیاند: لەسەر دۆسێی رێگریكردن لە یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای یاسایی تۆمار كراوە.

لەبەرنامەیەكی تایبەتی (دۆسێی نەوا) دا كە بڕیارە دووسبەی دووشەممە 6-6 پەخش بكرێت، دادوەر بەختیار عەلی حەمە ئەمین سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی رایگەیاند: ئێمە ماوەی چەند مانگێكە سكاڵای یاساییمان لەدادگا جوڵاندووە لەسەر دۆسێی رێگریكردن لەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەو كارەمان بەئەركی خۆمان زانیوە، چونكە بەپێی یاسا رێگریكردن لەهەر فەرمانبەرێك كە راسپێردراو بێت بەخزمەتی گشتی، تاوانە، تائێستاش داواكاری گشتی هەولێر رەخنەی نەبووەو رایاننەگەیاندووە كە ناڕازین.

شەرۆکی فەرمانگەی گشتی دەڵێت" ئێمە چەند جارێك هەوڵماندا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خۆی ئامادەیی هەبێت لەبەردەم دادگای لێكۆڵینەوەدا، بەڵام ئەوە نەكرا".

دادوەر بەختیار عەلی حەمە ئەمین وتیشی: ئێستا پەڕاوی لێكۆڵینەوەكە لەدادگای لێكۆڵینەوەی یەكی سلێمانییە، بەدواداچوونی بۆ دەكەین و لەو قۆناغەدایە داواكراوە وتەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەربگیرێت.

سەرچاوەیەکی یاسایی ئاگادار بە سپی راگەیاند" کێشەی یاسایی گەورە کە رووبەرووی ئەو سکاڵایە دەبێتەوە بابەتی شوێنە، چونکە فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی دەتوانێت داوا بجوڵێنێت کە لەسنوری پارێزگای سلێمانی بێت، بەڵام پەرلەمان لەهەولێر لەلایەن بارزانییەوە پەکخراوە".

بەرنامەی (دۆسێی نەوا) هەموو هەفتەیەك لەڕۆژانی (یەكشەممە تا پێنج شەممە) لەكاتژمێر (10)ی پێشنیوەڕۆ (نیاز عەبدوڵڵا) پێشكەشی دەكات، هەموو رۆژێكیش لەكاتژمێر (5)ی ئێوارەو (10)ی شەو دووبارە دەبێتەوە.



PM:10:16:04/06/2016