فێڵێكی ئاوارە عەرەبەكان لە سلێمانی ئاشكرادەكرێت

بەڕێوەبەری‌ كۆچ‌ و كۆچبەرانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ فێڵێكی ژمارەیەك عەرەبی بەناو ئاوارە ئاشكرادەكات و دەڵێت "ژمارەیەك لەو ئاوارە عەرەبانەی‌ لەناوچە كارەساتبارەكانی‌ عیراقەوە روو لەسلێمانی‌ دەكەن، سەرەتا بەناوی‌ گەشتیارییەوە دێن بەڵام دواتر وەكو ئاوارە ناوی خۆیان تۆمار دەكەن".

خالد بابە رەسوڵ نوری بەڕێوەبەری‌ كۆچ‌و كۆچبەرانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، رۆژانە شەش بۆ هەشت داواكاری‌ ئاوارەكان هەیە بەمەبەستی‌ گەڕانەوە بۆ شوێنەكانی‌ خۆیان‌و بەپێچەوانەشەوە، رۆژانەش 150-200 خێزان بەتەواوی‌ ئەندامانی‌ خێزانەوە ئامادەدەبن بەمەبەستی‌ ناونوسكردن ‌و زانینی‌ ژمارەی‌ تەواوەتی‌ ئاوارەكان لەنێو كەمپەكانی‌ سلێمانیدا.

ناوبراو بۆ (NNA) وتی : فێڵێكی‌ ئاوارەكان ئاشكراكراوە كە بەناوی‌ گەشتیاریەوە دێنە سلێمانی‌، دواتر وەكو ئاوارە خۆیان تۆماردەكەن، لەئێستاشدا سەرقاڵی پێداچونەوە و بە ئاماركردنی‌ تەواوەتی‌ ژمارەی‌ خێزانە ئاوارەكانداین.



PM:02:59:19/06/2016