" پاسدارانی ئێران لە سنوری شاخی سورێن و پێنجوێنەوە هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی کوردستان"

لەدوای بارگرژی و شەڕی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئێران و بۆ ردومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لەلایەن تۆپبخانەکانی ئێرانەوە، سووپای ئەو وڵاتە لە سنوری پێنجوێن و شاخی سورێنەوە سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق، هاتوونەتە ناو خاکی هەرێم. 

هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری شارۆچکەی ناڵپارێزی سەربەشارۆچكەی پێنجوێن لەلێندوانێکی رۆژنامەوانیدا، ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچە سنورەیەكانی باشوری كوردستان بەگشتی و ناوچەكەی ئێمە بەتایبەت دەستپێكردووە، لە ئێستادا بە درێژایی ٥٠٠ مەتر هاتونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و دەستیان بە لێدانی بارەگای سەربازیكردووە".
 
هێمن ئاشکرایکرد"بەدەر لەوەی كە بارەگای سەربازییان دروستكردووە، لەهەمانکاتدا هاتونەتە ناوخاكی هەرێم و ناوچە سنوریەكانیان مینڕێژ كردووە، چونكە بەوتەی گوند نشینانی ناوچەكە لەهەفتەی پێشودا چەند جارێك مین بە ئاژەڵەكانیاندا تەقیوەتەوە لەكاتێكدا پێشتر ئەو ناوچەیە هیچ مەترسیەكی مینی لەسەر نەبووە".

لەلایەکی ترەوە خه‌لیل نادری، سه‌ركرده‌ له‌ پارتی ئازادی كوردستان (PAK) به‌ رۆژنامه‌ی (شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت)ـی راگه‌یاندووە" له‌ سنووری شاخی سوورێن و ده‌روازه‌ی پیرانی سنووری و ناوچه‌ سنوورییه‌كانی سه‌ر به‌ شاری مه‌ریوان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هێزێكی گه‌وره‌ی پاسداران كۆكراوه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ ئه‌و هێزانه‌ به‌تانك و زرێپۆش و چه‌كی قورسه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، هاوكات هێزێكی دیكه‌ له‌ سنووری سوورداش و شاری بانه‌ له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات كۆكراوه‌ته‌وه‌.

ئەو پەرەسەندانە لە کاتێکدایە گفتوگۆی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامەو دوێنی بەرپرسانی ئێران روونکردنەوەیان لەسەر هەڕەشەکەی جێگری سووپای پاسداران سەردار سەلامی بۆ وەفدی کوردی روونکردەوەو ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە ئەوە گوزارشت لە رای کۆماری ئیسلامی ئێران ناکات کە رایگەیاندبوو" هەرێم وێران دەکات". 






AM:11:03:04/07/2016