ئایندە رازییە لەگەڵ یەکێتیدا یەکبگرن
بارزانیش پێشوازی لەزەحمەتکێشان کرد

ئەنجوومەنی باڵای حزبی ئایندەی کوردستان  بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی نیشاندا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتیدا بەمەبەستی یەکگرتن، دوێنێش بارزانی پێشوازی لەبەشەکەی تری ئەو حیزبە کرد.

لە بەیاننامەیەکدا حیزبی ئایندەی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی یەکگرتن لیژنەیەکیان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا پێکهێناوە.

لە بەیانەکەی حزبی ئایندەی کوردستان هاتووە "ئه‌نجوومه‌نی باڵای حزب وێرای پێشوازیكردن له‌ ده‌سپێشخه‌ریه‌كەی یەکێتی‌ و نرخاندنی هه‌نگاوی یه‌كگرتنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌ دیمه‌كراسی و چه‌په‌كان كه‌ خاوه‌ن خه‌بات و مێژووی هاوبه‌شن، به‌ كۆی ده‌نگ ڕه‌زامه‌ندی گفتوگۆی نیشاندا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌كی باڵای پێكهێنا و هاوسه‌نگی ڕێكکه‌وتنه‌كه‌شی به‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، قادر عەزیز دەبێت بە یەکێک لە کاگێڕانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هاوکات چەند پۆستێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەدرێت بەو حیزبە.

بەرامبەر ئەم یەکگرتنەوەیەی یەکێتی و حیزبی ئایندە، هەر دوێنێ کێبەرکارەکەی یەکێتی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە لەئاستی بارزانی کەسی یەکەمی ئەو حیزبە پێشوازی لە وەفدێکی باڵای حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد.

حیزبی زەحەمەتکێشان کە لەگەڵ حیزبی ئایندەدا یەک حیزب بوون، رۆژی ٧/١٤ لە سەلاحەدین لەگەڵ  مه‌سعوود بارزانی سەرۆكی پارتی کۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ڕیفراندۆم و مافی گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی. هەروەها بیروڕا لەبارەی قۆناغی دوای داعش و ئەگەرە سیاسییەكانی ئەو قۆناغە ئاڵوگۆڕ كرا.

 پێشتر ئایندەو زەحمەتکێشان، بەناوی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە كاری سیاسییان دەكرد، بەڵام لە كۆتایی ساڵی 2009 بەهۆی ناكۆكی نێوخۆییانەوە جیابوونەوەیان تێكەوت و سەرەنجام دادگا نێوی "زەحمەتكێشان"ی دایە باڵەکەی دیكەی ئەو حیزبە كە لەلایەن بەڵێن عەبدوڵڵا و سەعد خالیدەوە سەرۆكایەتی دەكرا، قادر عەزیزیش ساڵی 2012 حیزبی ئایندەی راگەیاند، بەڵام كورسی لە پەرلەمانی كوردستاندا نییە و لە حكومەتیشدا پۆستی نییە.  



PM:05:01:15/07/2016