حاكم قادر: لایەنە عێراقییەكان لەیەك خاڵی رێكەوتنی گۆڕان‌و یەكێتی ناڕازین

كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت لایەنە عێراقییەكان رێكەوتنەكەی ئەوان‌و گۆڕانیان پێ باشبووە‌و پێشوازییان لێكردوە، بەڵام لەیەك خاڵی ئەو رێكەوتنە ناڕازین.

وتەكانی حاكم قادر لەمیانەی دیدارێكی ناوبراوو مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ لێپرسراوان‌و ستافی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی‌و كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكانی یەكێتی‌و كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر‌و كۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی دا بوو.

سەبارەت بە رێكەوتنی نێوان یەكێتی گۆڕان حاكم قادر لە بەشێكی وتكەانیدا جەختی لەسەرئەو كردەوە كە  رێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نیا بۆ ناوچه‌یه‌ك یان شارێكی كوردستان نییه‌، به‌ڵكو بۆ سه‌رتاسه‌ری كوردستانه‌. وتیشی: لایه‌نه‌ عیراقییه‌كانیش رێككه‌وتنه‌كه‌یان پێ باش بووه‌ و پشتیوانیان كردووه‌، ته‌نیا له‌ یه‌ك خاڵی ناڕازی بوون كه‌ باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌كانی خانه‌قین و كه‌ركوك و شنگال ده‌كات بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ كوردستانین و مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌ خۆی بڕیاریان له‌سه‌ر بدات.

هه‌روه‌ها وتی: له‌ هه‌رێمی كوردستانیش هیچ حزبێك دژی رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت گله‌یی ئه‌وه‌شمان لێكراوه‌ كه‌ دره‌نگ رێككه‌وتنه‌كه‌مان ئیمزاكردووه‌.

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌مڕۆ بارودۆخی كورد له‌ هه‌موو قۆناغێك باشتره‌ و جیهان پشتیوانی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و پێشمه‌رگه‌ بووه‌ته‌ سیمبولی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر. وتیشی: ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌خوازێت كه‌ به‌رپرسیارێتی مێژوویی خۆیان له‌ ئه‌ستۆ بگرن و پارێزگاری له‌ یه‌كڕیزی و یه‌كگرتووی نێوماڵی كورد بكه‌ن و له‌ڕێی دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان بدۆزنه‌وه‌.



PM:02:38:23/07/2016