رۆژئاوا: هێرشی سەر حەسەکە گەمەیەکی ناشیرینی ئەسەدو تورکیاو ئێرانە

بۆیەکەمجارە فڕۆکە بەشداری شەڕی نێوان شەرڤانان‌و رژێمی ئەسەد بکات، ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیش بە " گەمەیەکی ناشیرینی رژێمی ئەسەدو تورکیاو ئێرانی دەزانین".

لە بەیانێکدا بۆ رای گشتی خەڵکی رۆژئاواو سوریا، هێزەکانی سووریان دیموکراتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن" سێ رۆژە بارگرژی لە شاری حەسەکە بەردەوامە، دوو شەو لەمەوبەر هێزەکان رژێم هێرشیان کردە سەر بنکەکانی ئاسایش سەرەتا بە سووکایەتی دەستیان پێکردو و دوایی دەستیان بە هێرشێکی فراوان کردو، تەنها بە بنکەکانی ئاسایشەوە نەمایەوەو هێرشیان کردە سەر شوێنە مەدەنییەکان لە رێگای فڕۆکەو تانک و تۆپەوە".

ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی جگە لە مەحکومکردنی ئەو هێرشانەی رژێمی سوریا، هاوکات داوا لە خەڵک دەکات خۆڕاگربن لەبەردەم ئەم ‌هێرشانەدا کە سەرکەوتنی کۆتایی بۆ خەڵکی حەسەکەیە.

ئەو ئەنجومەنە ئەم هێرشەی رژێمی سوریا کە لەدوای ئازادکردنی شاری منبەجەوە دەستیپیکردووە بە گەمەیەکی هەرسێ وڵاتی سوریاو تورکیا و ئێرانی دەزانێت و لەو بوارەشدا کۆبوونەوەو چاوپێکەوتن لەنێوان ئەو سێ وڵاتەدا بۆ ئەو پلانە ئەنجامدراوە.



AM:11:10:19/08/2016