شانازی ئیبراهیم ئەحمەد: دەزانن سبەینێ ٣١ ئابە

لە نووسینێکدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە بەبۆنەی ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ەوە نووسیویەتی دەڵێت" ئەرێ ئەزانن کە سبەینێ بیستەمین ساڵیادی ٣١ی ئابە؟ ئەرێ کەسێک، حزبێک، لایەنێک بیری لەوە نەکردوەتەوە کە ئەو پەڕی شەرمەزارییە لە بیستەمین یادی ئەتک کردنی پەرلەماندا هەمدیس بێ پەرلەمان بین؟"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا دەکات لەیادی هێنانی سووپای رژێمی سەدام بۆ سەر شاری هەولێر سیمینارو دیبەت سازبکرێت و، دەڵێت" ئەرێ سەیر نیە لە هەرێمێکدا کە لە سەر کێشی مریشکیش دەیان بۆنە و سمینار ساز دەکرێت، کۆنفرانسێک، سمینارێک، دێبەیتێک، پەنەڵێک، فۆرۆمێک، رێپێوانێک یان خۆپیشاندانێک بەو بۆنەیەوە ساز نەکرێت؟ ئەرێ دروشمێک، پۆستەرێک بە دیوارێکەوە دەبینن؟ ئەری نوزەیک، ورتەیک دەبیستن؟ ئەرێ ئێوە ئەم بێ هەڵوێستیەتان بەلاوە ئاساییە؟"

ناوبراو لەو وتارەدا کە بەناونیشانی " هەرێم گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵی زیندوەکانە!" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت" توو تاشە بەردەکانی قەندیل کاتی ئەوە نەهاتووە کە چل ملیۆن مرۆڤ هەر هیچ نەبێت پێکەوە هاوار بکەن و بڵێن بەسیەتی؟ توو پیرۆزییەکانتان بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی تاک بە تاکمان نیشانەی ئەوە نیە کە هەر هەموومان تەنیا هەناسە دەکێشین و لە راستیدا مردووین و هەرێم گەورەترین گۆری بەکۆمەڵی زیندەوەکانە لە جیهاندا؟"

دەقی وتارەکە

هەرێم گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵی زیندوەکانە!
ئەرێ ئەزانن کە سبەینێ بیستەمین ساڵیادی ٣١ی ئابە؟ ئەرێ کەسێک، حزبێک، لایەنێک بیری لەوە نەکردوەتەوە کە ئەو پەڕی شەرمەزارییە لە بیستەمین یادی ئەتک کردنی پەرلەماندا هەمدیس بێ پەرلەمان بین؟ ئەرێ سەیر نیە لە هەرێمێکدا کە لە سەر کێشی مریشکیش دەیان بۆنە و سمینار ساز دەکرێت، کۆنفرانسێک، سمینارێک، دێبەیتێک، پەنەڵێک، فۆرۆمێک، رێپێوانێک یان خۆپیشاندانێک بەو بۆنەیەوە ساز نەکرێت؟ ئەرێ دروشمێک، پۆستەرێک بە دیوارێکەوە دەبینن؟ ئەری نوزەیک، ورتەیک دەبیستن؟ ئەرێ ئێوە ئەم بێ هەڵوێستیەتان بەلاوە ئاساییە؟ بە زاتی خوا من خۆم هەر چەند دەیهێنم و دەیبەم ناتوانم نە لەو هەموو گاڵتەجارییە بگەم کە بەرامبەر بە میللەتەکەم دەکرێ و نە لەو بێ دەنگییەی حزبەکەم و نە میللەتەکەشم تێبگەم.. هەرگیز ناتوانم تێ بگەم کە بۆ هەندێک لەو سەرکردانەی کە رۆژگارێک بەگژ ئاگرو ئاسندا دەچوون ئا بەم شێوەیە گۆڕان؟ نازانم بۆ دەرچووی ئەم قوتابخانە و ئەو قوتابخانەیە وایان لێهات کە بە ئاشبەتاڵ بڵێن نسکو و لە یادی٣١ی ئابدا پشیلە زمانیان بقرتێنێ؟ نازانم بۆ چیتر کەس هەست بە ئازاری ناخی کەس ناکات و بۆ نرخی برمیلێک نەوتیان لە لا زیاتر بووە وەک لە ژیانی پەنجا ملیۆن مرۆڤ؟ تێناگەم چۆن هەندێک دەتوانن بە خۆیان بڵێن کورد لە کاتێکدا کە خوێنی (بێریڤان)ەکان دەفرۆشن؟ شەرمە لە ناو میللەتێکدا کە بەدرێژایی مێژوو ئەو هەموو قوربانییەی لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی خۆیدا دابێت ئەمڕۆ کەسانێک شانازی بە کۆیلە بوونی خۆیان و کۆیلەکانیانەوە بکەن.. شەرمە لە کاتێکدا کە خوێن لە هەر چوار پارچەی کوردستانەکەمانەوە دەچۆڕێ هەمدیس بوکەڵەی دەستی زڵهێزەکان بین.. ئای کە چەند جێی داخە گەلێکی چل پەنجا ملیۆنی نەزانێت گەر چل ملیۆن مرۆڤ پێکەوە هاوار بکەن چێ روو دەدات ؟ نەزانێت گەر چل ملیۆن بەرد بهاوێژێت چ جۆرە چیایک دروست دەبێت؟ توو ئەگریجەی سپی و دوعای داپیرەکانتان و توو خەونی بەدینەهاتووی باپیرانتان شەرم نیە لە کاتێکدا کە رۆژئاوا و باکۆر بە بەرچاومانەوە تەخت دەکرێن و رۆژانە کۆمەڵێک گەنجی خێر لە خۆ نەدیو لە رۆژهەڵاتدا لە سێدارە دەدرێن و باشورەکەمان ئا بەم شێوەیە بوبێتە مایەی مەرگ و گاڵتەجاری، چل ملیۆن مرۆڤ نەتوانن یەک بگرن؟ توو خۆتان و خواتان عەیب نیە گەر لە ٣١ی ئابدا هەر هەموومان گەورە و بچوک لە گشت شارو شارۆچکەکانی کوردستانەوە بەرەو شاری قەڵا و منارە بەڕێ نەکەوین و قفل و زەنجیری دەرگای پەرلەمانەکەمان نەشکێنێن؟ توو تاشە بەردەکانی قەندیل کاتی ئەوە نەهاتووە کە چل ملیۆن مرۆڤ هەر هیچ نەبێت پێکەوە هاوار بکەن و بڵێن بەسیەتی؟ توو پیرۆزییەکانتان بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی تاک بە تاکمان نیشانەی ئەوە نیە کە هەر هەموومان تەنیا هەناسە دەکێشین و لە راستیدا مردووین و هەرێم گەورەترین گۆری بەکۆمەڵی زیندەوەکانە لە جیهاندا؟



PM:12:35:30/08/2016