وادەی دابەشکردنی مووچەی ئەم وەزارەتەش ڕاگەیەندرا

وەزارەتی پەروەردە وادەی دابەشکردنی مووچەی ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد "پێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن مووچەی مامۆستایان دابەش دەکرێت".
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند"داوا لە مامۆستایان دەکەم خۆڕاگربن و سەنگەرەکانی خوێندن چۆڵنەکەن وەک سەنگەرەکانی پێشمەرگە".
 هەروەها ڕاشیگەیاند "ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پابەندین بە پشتیوانیکردن لە مافەکانی مامۆستایان و لەگەڵیان دەبین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشداین پرۆسەی خوێندن دوانەکەوێت و بەردەوامبێت بۆ ئەوەی بتوانین نەوەکانمان پەروەردە بکەین".
سەبارەت بە بایکۆتکردنی خوێندن ڕایگەیاند " نە یەکێتی مامۆستایان و نەهیچ کەسێک لەگەڵ ئەوەدانین پرۆسەی خوێندن بایکۆت بکرێت، چونکە ئەوە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە و بەرپرسیاریەتی یاسایی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستایان دڵنیادەکەمەوە کە بەر لە دەستپێکردنی خوێندن مووچە وەردەگرن".
هاوکات وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵ دەستپێکردنی خوێندنی دواخست و ڕایگەیاند " ئەمساڵ 27-9-2016 دەوامی فەرمی لە خوێندنگەکان دەستپێدەکات"
ئەمەش لە کاتێکدا دێت پێشتر وەزیری پەروەردە ڕایگەیاندبوو بەر لە جەژن مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەکرێت، بەڵام دواتر وەزارەتی دارایی ئاشکرایکرد بەر لە جەژن ناتوانن مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بکەن.



PM:07:14:08/09/2016