لە هێرشەکەی سەر شاری کەرکوکدا ٨٤ چەکداری داعش کوژران
داعش لەشوێنێکی نزیک بەشیرەوە دزەی کردۆتە نێو کەرکوکەوە

لە دوو رۆژی شەڕی ناو شاری کەرکوک لەنێوان چەکدارانی داعش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان وپێشمەرگەو خەڵکی کەرکوک ٨٤ چوار چەکداری داعش لە شوێنە جیاجیاکان کوژران. 

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار بە سپی راگەیاند" لەو ٨٤ کوژراوەی داعش ٥٣ لاشەیان لە پزیشکی دادوەری کەرکوکن".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە جگە لەو کوژراوانە دوو چەکداری داعش دەستگیرکراون، یەکێکیان لە پلەی ئەمیردایەو بە برینداری کەوتۆتە دەست هێزە ئەمنییەکان، ئەوی تریشیان بە برینداری خۆی کردووە بە ماڵێکدا کە بەرێکەوت ماڵی ئەفسەرێکی پارتی بووەو یەکڕاست دەستگیریان کردووەو رادەستی هێزە ئەمنییەکانیان کردووە.

سەرچاوە ئەمنییەکەی سپی ئەو رێگایەی ئاشکرا کرد کە چەکدارانی داعش لێیەوە دەزەیان کردووەو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو چەکدارانە لە جێگایەکەوە دزەیان کردووە بۆ ناو شاری کەرکوک کە دەکەوێتە ناوچەی بەشیرەوەو شوێنەکە دەکەوێتە نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی حەشدی شیعەوە.

سەبارەت بە چۆنێتی گواستنەوەی چەکدارەکانی داعش بۆ ناو کەرکوک، سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات کەدوای ئەوەی ئەو چەکدارانە هێڵی پێشەوەی نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگەیان بڕیووە، لە ڕێگای شانە نووستووەکانی داعشەوە گواستراونەتەوەو ئۆتۆمبیل و پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوەو لە هێرشەکانیاندا چاوساغیان بۆ کردوون.

بەرەبەیانی ١٠/٢١ ژمارەیەک چەکداری داعش کە بەپێی لێدوانی کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی هەرێم ١٢٠ چەکداربوون هێرشیان کردە سەر چەند جێگای گرنگی شاری کەرکوک، بەلآم هێزە ئەمنییەکان و خەڵک و پێشمەرگە رووبەروویان بوونەوەو لە ماوەی دوو رۆژدا ژمارەیەکی زۆریان لێکوشتن و ئەو شوێنانەشیان کۆنترٶڵ کردەوە کە چەکدارەکان تیایا جێگیربووبن. 




PM:11:24:22/10/2016