حكومه‌تی هه‌رێم وەڵامی چاودێری مافی مرۆڤ دەداتەوە

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی راپۆرتی رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ ده‌داته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ تێکدانی خانووی عەرەبەکان دوای ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان لە دەست داعش و تۆمه‌ته‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ تێكدانی گونده‌ عه‌ره‌بنشینه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ده‌قی وه‌ڵامەكە:

لە شەشی نوڤەمبەری 2016 ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ ڕاپۆرتێكی لەژێر ناوی هێزە كوردییەكان گوندە عەرەبنشینەكان دەكەنە ئامانج بڵاو كردووەتەوە، كە بێ ئینسافی بەرانبەر بە پێشمەرگە و لایەنگیریی تیرۆریستانی تێدایە و لە وەڵامی ڕاپۆرتی ئەم ڕێكخراوە ڕادەگەیێنین كە:

یەكەم: بە داخەوە ڕاپۆرتەكەزانیاری و ئەنجامگیری و لێكدانەوەی نادروست و لایەنگیری و حوكمی پێشوەختەشی تێدایە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ واقعدا ناگونجێت.

دووەم: تایتێڵ و ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە لەشوێن خۆی نییە و جێگەی سەرسووڕمانی ئێمەیە. ئەگەر سیاسەت و نەهجی هەرێمی كوردستان دژایەتیكردنی عەرەب بێت ئەدی بۆچی ڕێگە دراوە ملیۆنێك و پێنجسەد هەزار ئاوارەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ ببن. پرسیار ئەوەیە بۆچی لە ڕاپۆرتەكەیاندا باسی میوانداری و سینگفراوانیی خەڵكی كوردستان لەبەرانبەر سەدانهەزار ئاوارەی عەرەب ناكرێت كە ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

سێیەم: ناكرێ ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ بە ڕاپۆرتی لەم جۆرە ببێ بە پارێزەری داعش و زەمینەبۆ چاوپۆشیكردن لە تاوانی ئەو كەسانە ساز بكرێت كە دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و كچ و ژنی ئێزیدییان ڕفاندووە و كار بۆ بەخشینی داعشەكان بكرێت.پێشتر و ئێستا و لە ئاییندەیشدا ئەوە سیاسەتی ئێمە بووە و دەبێ، كە ئەوەی لەگەڵ داعش بێت چارەنووسی داعشی دەبێت و ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ دژایەتیی تیرۆر و لەناوبردنی داعش و لایەنگران و هاوكارەكانیان ئەنجامی دەدەین.

چوارەم: تەحەددا دەكەین ئەگەر تەنانەت یەك حاڵەتیش هەبێ كە كەسێكی بێگوناە و مەدەنی بە ئەنقەست كوژرابێت، با ڕێكخراوەكە ئاماژەی پێ بكات و ئێمەیش ئامادەین بۆ هەموو ئیجرائاتێكی پێویست.

پێنجەم: لە ماوەی دووساڵی شەڕدا تەنانەت یەك شوێنی سڤیلیش لە لایەن پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان نەكراوەتە ئامانج. ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا كراوە خەڵكی لێ نەبووە و تەنیا مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش بووە.

شەشەم: لەبری ئەوەی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ پشت بەو كەسانە ببەستن كە زانیاریی هەڵە و چەواشەكارانەیان بۆ دەهێنن با بڕۆن گوێ لە خەڵكی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بگرن بۆ ئەوەی بزانن مامەڵەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هاووڵاتیانی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بە چ شێوەیەك بووە.

لەم بارەیەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕونکردنەوەی زیاتر دەدات وەک لە هاوپێچدا هاتووە ئەمە دەقەکەیەتی:

سەبارەت بە وێرانکردنی ئەم ناوچانەی کە لە راپۆرتەکاندا باس دەکرین و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە رەوشی ئەم ناوچانە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێکەوتی 4/4/2016 بڕیاریدا بە دامەرزاندنی (لیژنەی دەرخستنی راستییەکان) بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ناوەڕۆکی راپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و چەند لایەنێکی دیکە، کارەکانی سێ مانگی خایاند و لە میانەی کارەکانی لیژنەکە دەرکەوت کە خاپوور کردنی خانووەکان بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ مینڕێژکردنی خانوو و شەقامەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش، رووبەرووبوونەوەی نێوان هێزە ئەمنییەکان و داعش و بەکارهێنانی بەشێک لەو خانووانە وەک مۆڵگە لەلایەن داعشەوە بووە.

سەبارەت بە ناوچەی زوممار دەرکەوت کە وێرانکردن و خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەوروبەری بە سێ قۆناغ بوو ئەوانیش: قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی زوممار لەلایەن داعش، قۆناغی بۆردوومانی، ئینجا قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە، لە رۆژی 2/8/2014 ناوچەی زوممار و ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی کەوتنە ژێردەسەڵاتی داعش بۆیە سەنتەری زوممار بووە ئامانجی هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگای بۆمب بارانکردن بە چەکی قورس وەک موشەک و هاوەن، چونکە لە زۆر لاوە لەلایەن هێزی پێشمەرگە دەورە درابوو، دوای ئازادکردنەوەی زوممار و دەوروبەری لە سەرەتادا نەتواندرا وەک پێویست کۆنتڕۆڵی نیگەرانی و توڕەیی خەڵکی بکەن بۆیە لە هەندێک شوێن کاولکاری روویداوە، هەروەها هەندێکی دیکەش بە هۆی کێشەی شەخسییەوە وێرانکراون بۆ نموونە وێرانکردنی خانووی هاوڵاتیانی سڤیل لە گوندی (خانی خەراب) ئەم خانووانە بە بوونی هاوسۆزی لەگەڵ داعش خراپکراون.

تا ئێستا لە سەنتەری شاری زوممار زیاتر له هەزار خانوو تێکدران بە هۆکاری جیاجیا بەمشێوەیە: نزیکەی (330) خانووی کارمەندانی ئاسایش، کادرانی حزبی و پۆلیس و لەشکەری لەلایەن داعشەوە تێکدراون و هەموویان لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە، دەوروبەری (300) خانوو لە کاتی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش تێکدراون، (280) خانوو بە هۆی مینڕێژکردنیان دوای پاککردنەوەی تەقێندرانەوە.

زۆربەی ئەو شوێنانەی لە راپۆرتەکەدا باسیان لێوەکراوە کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس وەک گوندی حەمەد اغا (گوندی عەرەب نشینە) و یەکەم هێڵی تەماسە (120) خانووی بەهۆی شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و بۆردومانی داعش لە 15/8/2014 خاپوور کراون، هەندێکیان لە ئەنجامی شەڕ بۆ نموونە گوندی (بەردییە) کە پێکهاتووە لە (1124) خانوو پێکهاتووە لەوانە (83) خانوو بە هۆی شەڕ خاپوور کراوە.

سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەی زوممار تا ئێستا نزیکەی (2000) خێزان لە کورد و عەرەبی ناوچەکە لە موسڵ و لە وڵاتی سوریا هاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دەزگا ئەمنیەکان و هێزی پێشمەرگە، هەروەها لە فەرمانگە حکوومییەکانی ناحییەی زوممار نزیکەی ١٣٨ هاووڵاتی عەرەب کار دەکەن ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە رێگری لە هاتووچۆی خەڵکەکە ناکرێت. و بەشێک لە گوندەکان خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و تێوەگلاون و ناتوانن بگەڕێنەوە لەوانە گوندی (ئه‌سكی موسڵ) کە نزیکەی (100) كه‌سیان چه‌كداری داعشن، گوندی هزیمه‌ (40) كه‌سیان چه‌كداری داعشن،گوندی تەل زه‌هه‌ب (20) كه‌سیان چه‌كداری داعشن، هەروەها بەشێک لەو عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ له‌ زوممار نیشته‌جێن له‌ كاتی ڕزگاركردنیدا له‌گه‌ڵ داعشدا ڕۆیشتن بۆ نموونە دانیشتوانی گوندی (گركاڤڕ) نزیکەی (٩٨%) یان په‌یوه‌ندیان به‌ ڕیزه‌كانی داعش كردووه‌ و ئامادە نین بگەڕێنەوە، بەڵام ڕێگریان لێناكرێت.

لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستیان کرد بە هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە شەقام، کۆڵانەکان، دوکان و بارەگا حکومییەکان، بەداخەوە ژمارەیەک پێشمەرگە بوونە قوربانی لە کاتی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی، هەروەها ژمارەیەک خانووی پێکەوە گرێدراو تێکدران، هەروەها هەندێک لە گوندەکانی ناوچەکە وەک (خراب التبن و خراب العاشق) تێک نەدراون سەرەڕای ئەوەی شەڕی زۆریان تێدا رووداوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێستا نزیکەی (٨٠ %) خاوەن دوکان و ئەوانەی لە بازاڕدا کار دەکەن لە سەنتەری شاری زوممار و  بەشێوەیەکی ئاسایی ژیانی رۆژانەی خۆیان دەکەن.

سەبارەت بە ناوچەی کەرکوک لە هەندێک راپۆرتەکان باس لە چەند گوندێکی دەڤەری کەرکوک کراوە گوایە بە بلدۆزەر تێکدراون بێ ئەوەی هیچ شەڕ و پێکدادانی تێدا رووبدات وەک گوندەکانی (گوبیبە، ادریس خزعل، ادریس خباز، بای حسن، مکتب خالد، هندیەی کۆن، هندیەی نوێ و چەند گوندێکی دیکە)، بە ڵام بەپێی قسەی خودی خەڵکی ناوچەکە بەشی هەرەزۆری وێرانکاری خانووەکان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش و خۆحەشاردانی تیرۆریستیان داعش و بۆمبڕێژکردنی خانووەکانی لەلایەن داعش بووە و زیانێکی زۆریان بە گوندەکان گەیاندووە تەنانەت لەو خانووانەی کە داعش تەقاندویەتەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.

گوبیبە یەکێکە لەو گوندانەی کە زۆر باس لە تێکدانی دەکەن، ئەوەی راستی بێت گوندی (گوبیبە) بەر لە شەڕ پێکهاتبوو لە (٢٠٠) ماڵ، لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن هەموویان (فدائی صدام) بوون و دوای رووخانی رژێمی سەدام پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی (القاعدە)ـەوە کرد و بارەگای سەرەکییان لەوێ بوو، ئێستاش خەڵکەکەی هاوکارییەکی زۆری داعش دەکەن و هەر لەو گوندەوە (٦٥) رۆکێتی کیمیاوییان هێنا بۆ ئەوەی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی بدەن.

لەم گوندەوە خەڵکیان ئامادە کردووە و راهێنانیان پێکردوون سەبارەت بە چۆنیەتی خۆتەقاندنەوە. بەشی هەرە زۆری خانووەکانی ئەم گوندە بە تەواوی رووخاوە لە ئەنجامی شەڕ لەو گوندەدا و داعش خۆیان تێیدا حەشاردابوو. کۆمەڵێک بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبەردەستدایە کە چۆنیەتی رووخانی خانووەکانی ئەم گوندە دەردەخات.، بەڵام گوندی (بای حسن) سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی هاوسۆزی داعشن و هاوکارییان دەکەن، بەڵام خانووەکانیان تێکنەدراوە و چەند رێکخراوێک هاتن سەردانیان کرد هەرچەندە (٨) کەسی خۆکوژ خۆیان لەو گوندە حەشاردا بوو یەکێکیان ئەو تیرۆریست بوو کە تەقینەوەکەی (دبس) ی ئەنجامدا و لە دوای هێرشی داعش بەشێک لە خەڵکی گوندی (بای حسن) هاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەرێم و بەشێکی دیکەشیان خۆیان داعش بوون و ئێستا لە ریزەکانی داعشەوە شەڕ دەکەن.

گوندی (ادریس خزعل) لە (٨٤) ماڵ پێکدێت و لە 1/2/2015 لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد کرا، یەکێکە لەو گوندانەی کە لە ئەنجامی شەڕەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە نزیکەی (٧٥ %)ی ماڵەکان تێکدراون، گوندی (ادریس خباز) نزیکەی (١٢٠) خێزان دەبین و لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکەمان خەڵکی گوندەکە ماڵی خۆیان جێ هێشت و تەنیا چەند کەسێکی بەساڵاچوو لە گوندەکەدا مانەوە، دوای گەڕانەوە و ئەو شەڕەی کە روویدا لەو ناوچەیە (٧٠) خانوو تێکدران، ئەوانەی خانووەکانیان تێکدراوە هەموویان گەڕاونەتەوە، گوندی هندیەی نوێ هیچ خانوویەکی تێکنەدرا، بەڵام دوای ئەوەی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەکە پێشمەرگە لەو گوندە جێگیر بوون بۆ ئەوەی بەرپەرچی هێرشەکانی داعش بدەنەوە و بە پێی قسەکانی خەڵکی گوندەکە هێزە ئەمنییەکان پێشێلکارییان لەم گوندەدا ئەنجام نەداوە داعش هەندێک خانووی تێکدابوو. ئێستا خەڵکی گوندی هندیەی کۆن گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هیچ گرفتێکیان نییە.

بەشێکی دیکە لەو گوندانە ناوچەی شەڕن وەک (خالد) کە بەشی هەرە زۆری خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و بەشێکی خانووەکانیان تێکدراوە، چونکە لە ساڵی 2014 لە (وحدە و سعد) هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تر، شەڕێکی گەورە روویدا  و (٢٣) پێشمەرگە بە دیل گیراون، لە گوندی (تل الورد) شەڕێکی گەورە لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان لەو گوندە روویدا و تیرۆریستانی داعش تۆنێلێکیان هەڵکۆڵی بە درێژایی (١٨٠) مەتر لەژێر قوتابخانەیەکی گوندی (تل الورد) و مەبەستیان بوو لەژێر ئەم تۆنێلەوە بێن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، لە گوندەکانی (سمایلاوە و منصوریە) بڕێکی زۆر (TNT) و مین دەستی بەسەردا گیراوە تەنانەت لە هەندێک شوێن کارگەی درووستکردنی تەقەمەنییان هەبووە. لەگوندی (سید خلف) یەک ترێلە کە بە (TNT) بۆمبڕێژکرا بەمەبەستی تەقاندنەوە دەستی بەسەرداگیرا، کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئامادە کرابوو.

 هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن هەندێک لەو گوندانە هیچ خەڵکی مەدەنی تێدا نەبوو و ئێستاش چۆڵن و خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە بێ ئەوەی تێک بدرێن بۆ نموونە گوندی (مریەم بەگ) هیچی تێکنەدراوە، بەڵام ئێستا کەسی تێدا ناژی، هۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نزیکە لە هێڵی تەماس و دەکەوێتە ناوچەی نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و پرۆژەی ئاودێری کە بە (مشروع ری صدام) ناسراوە واتە لە پشت سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە و زۆر جار لەلایەن داعشەوە بە هاوەن بۆمب باران دەکرێ بۆیە گەڕانەوەی خەڵکەکەی زۆر زەحمەتە، چونکە لەلایەک ژیانیان دەکەوێتە مەترسی لە لایەکی دیکەشەوە کار و ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە زەحمەتتر دەکەن، بە هەمان شێوە گوندی (نهروان) کە ئەویش دەکەوێتە هەمان ناوچەوە لە ئەنجامی شەڕدا وێران بووە و ئێستا کەسی تێدا ناژی.

هەروەها بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان زۆر جار هێزە ئەمنییەکان داوا لە خەڵکەکەی دەکەن چۆڵی بکەن بۆ نموونە گوندی (مکتب خالد) بەشێکی خەڵکەکەی چوونەتە حەویجە یان هاتوونەتە کەرکوک و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە نێو داعش، لەم گوندەدا شەڕی قورس لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش روویداوە. هەر لە گوندی (مکتب خالد)ــەوە تیرۆریستان (٤) ئۆتۆمبێلی بومبڕێژکراویان بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە نارد  هەر دواتر رۆژی 20/11/2015 لە رێگای ئەم گوندەوە هێرش کرایە سەر گوندی (تل الورد). لە جاری دووەم هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردەوە نیو کاتژمێر بەر لە هێرشەکە هێزە ئەمنییەکان داوایان لە خەڵکی کرد گوندەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چونکە پێشمەرگە بۆردومانی مۆڵگەکانی داعش دەکەن، جگە لەمە تیرۆریستانی داعش گشت خانووەکانیان وەک زنجیرەیەک بۆمبڕێژ کردبوو، هەروەها (٤-٥) ئۆتۆمبێلی مینڕێژکراویان تەقاندەوە کە بووە هۆی وێران کردنی ژمارەیەکی زۆری خانووەکان.

لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ژمارەیەک لە گوندەکان هاوکاری داعشیان کردووە و لە کاتی هێرشەکانیان پێشوازییان لێیان کردووە، لەوانە خەڵکی  هەردوو گوندی (قوتان و قاشقایا) لەو دوو گوندە مەفرەزەکانی داعش چەندین جار هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، ئەم دوو گوندەش لە بنەرەتدا گوندی تەعریب کراون و خاوەنە رەسەنەکانی کورد و تورکمانن و ئێستا داوای زەوییەکانیان و قەرەبوو کردنەوە دەکەن.

لە گوندی قوتان (68) خانوو هەبووە لەوانە (32) تێکدراوە و هۆکاری تێکدانەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشاردابوو و شەڕی پێشمەرگەیان کردووە و ئەو خانووانە بەشێوەیەک ئامادە کرابوون کە قەناس بە دەستەکانی داعش تێیاندا پێشمەرگەیان کردۆتە ئامانج بۆیە لە کاتی شەڕدا خانووەکان دووچاری وێران کردن بوونەتەوە بەهۆی بۆردوومانی سەربازییەوە. بۆیە ئێستا بەشێکی خەڵکەکەی لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون و بەشێکی دیکەشیان روویان لە شاری کەرکوک کردووە بۆ سەلامەتی خۆیان و نەهێشتنی مەترسی لەسەر هێزەکان لە بەرەکانی جەنگ. سەبارەت بە گوندی (قاشقایا) هیچ خانووەکی تێکنەدراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانەی چەکدارانی داعش هاتوونەتە نێو ئەو گوندەوە و بە زۆر هەوڵیانداوە خەڵکی گوندەکەیان بۆ مەرامی سەربازی تایبەتی خۆیان بەکاریان هێناوە، بۆیە بۆ دەرباز بوون لە کاریگەرییەکانی داعش لەسەریان بە رەزامەندی خەڵکی گوندەکە خۆیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکان و بەشێکیان لە نێو شاری کەرکوکن.


لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
ئەنجوومەنی وەزیران
حکومەتی هەرێمی کوردستان
 14/11/2016



PM:01:58:15/11/2016