لەسەر کەیسی دۆزینەوەی تۆمەتباری کوشتنی مەلا هۆشیار ئیسماعیل، میدیای رووداو بڵاویکردەوە کە تۆمەتباری سەرەکی ئەو دۆسیەیە کۆن سەر بەلایەنێکی ئیسلامی بووە، بەڵام تا ئێستا یەکگرتوو وەک حیزب و وەک میدیا هیچ بابەتێکیان لەسەر ئەو پرسە رانەگەیاندووە.
رووداو بڵاویکردۆتەوە "كاژێر 10:30 خولەكی شەوی 22/11/2016 كەسێك لە دەرگای ماڵی د.هۆشیار ئیسماعیل دەدات. دوای ئەوەی د.هۆشیار دەرگا دەكاتەوە، كەسەكە سێ گوللەی پێوەدەنێ، دوو لە گوللەكان بەر د.هۆشیار دەكەون و بریندار دەكرێ، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی دەردەچێ".
بەپێی زانیارییەكانی ئەو میدیایە "بكوژی د.هۆشیار گەنجێكی تەمەن 25 ساڵە بەناوی (م. ع. و)، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوتی لێكۆڵینەوەكان لە كوشتنی د.هۆشیار ئیسماعیل، هەندێك زانیاریی گرنگی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و بەپێی ئەو زانیارییانە، (م. ع. و) كە بكوژی سەرەكیی مامۆستا هۆشیار ئیسماعیلە، پێش ماوەیەك بە هۆكارێكی نادیار بریندار بووە". ( لایەنە ئیسلامییەکەی ئاگادار نەکردۆتەوە).
تا ئێستا یەکگرتووی ئیسلامی و میدیاکانی و کەسوکاری د. هۆشیار ئیسماعیل هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە، هێندە نەبێت برای کوژراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەوان وێنەکانی کامێراکان بەراورد دەکەن لەگەڵ گیراوە تۆمەتبارەکان.