ناوی فیدراڵەیەتی رۆژئاوا گۆڕدرا بە فیدراڵی باکوری سوریا

کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێزە سیاسیەکان رێککەوتن لەسەر گۆڕینی ناوی فیدراڵیەتی رۆژئاوا بە فیدراڵیەتی باکوری سوریا.

هەدییە یوسف، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری فیدراڵی - باکووری سووریا، سەبارەت بە گۆڕینی ناوی سیستەمی فیدراڵی لە رۆژئاوای کوردستان و لابردنی وشەی رۆژئاوا گوتی " لابردنی ناوی رۆژئاوا بۆ باکووری سووریا بۆ ئەوەیە کە سیستەمی فیدراڵی دیموکراتی بۆ هەمووان بێت و گۆڕینی ناوی سیستەمی فیدراڵی کاریگەریی بەسەر ناوەڕۆکەکەیدا نابێت".

ئەو لێدوانەی هەدییە یوسف لە میانەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا هات کە لە رومێلان لە رۆژئاوای کوردستان سازکرا، لەو کۆنگرەیەدا مەنسوور سەلووم، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری فیدراڵی باکووری سووریا، وتی "کێشەکانی سووریا پێویستیان بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە و راگەیاندنی سیستەمی فیدراڵی لە باکووری سووریا هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا".

هەروەها وتیشی "سیستەمی فیدڕاڵی لە باکووری سووریا بۆ پەیڕەوکردنی دیموکراتییە لە سووریا و چەندین هێزی سیاسیی لە نێو دامەزراندنی سیستەمی فیدڕاڵی لە باکووری سووریا بەشدارن".

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری فیدراڵی باکووری سووریا رەخنەی لە دەسەلاتی سیاسی حکومەتی سووریا گرت وتی "دەسەڵاتی کۆماری سووریا کێشەی سیاسیی گەورەی هەیە و نەیتوانیووە حکومەتی هاووڵاتی بوون دروستبکات".



PM:06:58:29/12/2016