مستەفا چاوڕەش: ٩ ئەفسەرو پێشمەرگە لەسەر بازرگانیکردن لەگەڵ داعش دەستگیرکراون

  بەتۆمەتی بازرگانیکردن لەگەڵ داعش و هەوڵدان بۆ گەیاندنی کەرەستەی ئۆتۆمبێل بەدەست هێزەکانی داعش لە دەوروبەری حەویجە، تا ئێستا 9 ئەفسەر و پێشمەرگە لە باشوری کەرکوک دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامی هەیە.

مستەفا چاوڕەش بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"ئەگەر ئەو 9 ئەفسەر و پێشمەرگەیە تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ ببێتەوە نابێت چاویان لێبپۆشرێت و دەبێت رادەستی دادگا بکرێن."

شەوی 29 /12 هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژئاوای داقوق لە باشوری کەرکوک دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەرەستەی ئۆتۆمبێل و خۆراکدا گرت ، کە گومان دەکرێت ئەو کەرەستانە لەلایەن کەسێکی بە ڕەگەز عەرەبەوە بۆ هێزەکانی داعش لە دەوروبەری حەویجە ببرێن.

بەپێی نووسراوێکی لیوای 9 ی هێزی پێشمەرگە کە لیوایەکی هاوبەشە لە هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی، چەند ئەفسەرێکی پێشمەرگە داواکراون لەسەر هۆکاری دەربازبوونی ئەو کەرەستانە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە.

لای خۆیەوە ئازاد جەباری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پێیوایە ئەو کەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە و هەوڵدراوە بگەیەنرێتە داعش دەچێتە چوارچێوەی بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو رێکخراوە، وتی"ئەمەش خیانەتە."

هەفتەی را بردوو میدیاکانی نزیک یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بەڵگەوە ئەو رووداوەیان وروژاندن و هەر لەو کاتەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکردووەو تا ئێستا درێژەی هەیە.  



AM:09:22:05/01/2017