سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی بەغدا‌و هەولێر دەكات

بڕیارە سبەینێ شەممە بینالی یەڵدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا بەفەرمی سەردانی بەغدا بكات‌و پاشان سەردانی هەولێر دەكات.

ئەمەش لەكاتێكدا بڕیاربوو هەفتەی رابردوو یەڵدرم سەردانی هەولێر‌و بەغدای بكردایە، بەڵام بۆ سبەینێ شەممە دواخرا.
لەمبارەیەوە (سەعد حەدیسی) وتەبێژی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، سەردانی یەڵدرمی سەرۆك وەزیرانی توركیا سبەینێ‌ شەممە ئەنجام دەدرێت.

لەلایەن خۆیەوە (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، سەردانەكەی هاوتا توركییەكەی لەسەر داواكاری خۆی بووەو بەمەبەستی باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیاو تاوتوێ كردنی دۆسیەی ڕێزگرتن لە سەروەری خاكی عێراق و پرسی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر دەبێت.

سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی توركیا لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمرۆ فرۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە چەندین گوندی بناری قەندیلیان بۆردومان كرد.  



PM:08:33:06/01/2017