عێراق كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی راگەیاند

لەسەر رێكەوتنی ئەندامانی رێكخراوی ئۆپێك، حكومەتی عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمكردەوە.

جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی رێكخراوی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەبڕی، 160 بەرمیل لە رۆژێكدا كەمكردووەتەوە.

لە روونكردنەوەیەكدا كە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردۆتەوە، لعێبی ئاماژەی بەوەداوە وڵاتەكەی لە چوارچێوەی پایەندبوونی بەبڕیارەكەی رێكخراوی ئۆپێك كە لە دوایین كۆبوونەوەیدا لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمێنان دەری كردووە لە سەرەتای ساڵی 2017وە،  دەستیكردووە بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

وەزیری نەوتی عێراق رونیكردۆتەوە، ئەو بڕە نەوتەی لە بەرهەمی نیشتمانیی عێراق كەمیكردووەتەوە تائێستا گەیشتووەتە 160 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.

جەبار لعێبی روونیشیكردووەتەوە عێراق هەوڵدەدات بڕی كەمكردنەوەكە لە كۆتایی ئەمساڵدا بگەیەنێتە 210 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە ئەوەش ئەو بڕەیە لە چوارچێوەی رێككەوتننامەكەی ئۆپێك لە ڤیەننا بۆ عێراق دیاری كراوە.

وەزیری نەوتی عێراق هیوای خواست لە قۆناغەكانی داهاتوودا نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا جێگیر بێت و خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا كۆنتڕۆڵ بكرێت و داواكاری جیهان لەسەر نەوت زیاد ببێت.



PM:04:18:10/01/2017