کەسوکاری گەنجێك: براکەمان لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە سوتێندراوە

دوای مانەوەی 11 رۆژ لە نەخۆشخانە گەنجێك بە هۆی زۆری رێژەی سوتانی گیانی لەدەستدا، كەسواكارەكەی ئاسایشی دهۆك تۆمەتبار دەكەن بە سوتاندنی رۆڵەكەیان.

برایەکی عەلی حسێن ئەمڕۆ 26/2 رایگەیاند: براکەیان ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە، بەڵام هەر ئەو ڕۆژە براکەیان بە سوتاوی ڕادەستکردۆتەوە و پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ گیانی لەدەستداوە.

هاوکات خوشکێکی عەلی حسێن کە لە نەخۆشخانە چاودێری کردووە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناوبراوی تۆمارکردووە بە ئێن ئاڕ تی وتووە: براکەیان لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە سوتێندراوە و براکەشی ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە.
كەسوكاری عەلی حسێن داوا دەکەن ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت و مافی براکەیان بسەندرێتەوە.

جێگەی باسە عەلی حسێن تەمەنی ٣٦ ساڵ بووە و خەڵکی دهۆک بووە، پێش گیانلەدەستدانی ماوەی پێنج ساڵ بووە کە لە ئێران گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و لەکاتی دەستپێکردنی شەڕی داعشدا بووەتە پێشمەرگە، دوای دوو ساڵ لە بوونی بە پێشمەرگە، عەلی حسێن دوورخراوەتەوە.





PM:03:44:26/02/2017