کەنەکە داوا لەهێزەکان دەکات هەوڵی چارەسەری بدەن

لەسەر رووداوی شەڕی کۆمەڵگای سۆر لە نزیک سنونێ لە شەنگال، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوای چارەسەرکردن دەکات.

لە راگەیاندراوێکدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پێوایە "ئەم  شەڕ و ئاڵۆزییە دەبێتە هۆی لاوازکردنی شەڕەکەمان دژی داعش و دژی هەموو داگیرکەرانی کوردستان".
 
لە ڕاگەیەندراوی کەنەکەدا هاتووە:"دوێنێ هێزەکانی سەربە پارتی چوونە ناوچەکانی دەوروبەری شەنگال و هەوڵیان دا بچنە ناو خانەسۆرەوە، بەهۆیەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەنێوان ئەوان و هێزەکانی یەبەشە شەڕ ڕوویدا، هۆکاری ئەمەی لەم کاتەدا ئەم شەڕە ڕوودەدات چییە؟ ئەم شەڕە پاش سەردانی بارزانی بۆ ئەنقەرە ڕوویدا و هەر ئەمەشە گومان دروست دەکات، ئەم دۆخە دژی بەرژەوەندییەکانی کوردستانە و ئێمە قبوڵی ناکەین، خانەسۆر و ناوچەکانی دەوروبەری هی هاوڵاتییانی ئێزدییە، لە پاش فەرمانەکەوە هێشتا برینەکانی ئەو خەڵکە ساڕێژ نەکراون، زۆربەی ئەوان هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر خاکەکەیان، ئەو شەڕە دەبێتە هۆی کارەساتێکی دیکە بۆ ئاوارەبوونی خەڵک، ئەم شەڕە دەتوانێت ببێتە هۆکاری شەڕی براکوژی و ئێمە گەلی کورد پێشتر ئازاری ئەو شەڕەمان چەشتووە، ئەم شەڕە دەبێتە هۆی لاوازکردنی شەڕەکەمان دژی داعش و داگیرکەرەکانی کوردستان".
 
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەدراوە، کە ئەم شەڕە، یەکێتی گەلی کورد تێکدەدات و تەنیا دڵی دوژمنانمانی پێ خۆش دەبێت، پێویستە بەزووترین کات شەڕەکە بوەستێت و هەموو کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن".
 
کەنەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای کرد:
 
١ – پێویستە بە زووترین کات شەڕەکە بوەستێت
٢ – هەموو هێزەکان بگەڕێنەوە پێگەکانیان، هەر ئەو پێگانەی لە ڕۆژی ١ی مانگی ٣دا هەبوون
٣ – بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دیالۆگ دەستپێبکات.
 




PM:04:07:03/03/2017