"دەیان پێشمەرگەی ڕۆژئاوا خۆیان ڕادەستی یەبەشە کردووە"

ماڵپەڕی ڕۆژەڤى میدیا بڵاویکردەوە دەیان پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستان خۆیان ڕادەستی هێزەکانی یەبەشە کردووە.
ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ڕۆژەڤى ڕۆژئاوا میدیا لە دوو هەواڵی جیایدا ئاماژە بە کوژرانی دەیان پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و خۆڕادەستکردنی دەیان پێشمەرگە دەکات بە شەڕڤانانی یەبەشە بە بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە کوژرانی شەڕڤانانی یەبەشە بکات لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا.

 

ڕائید عەنتەر خەڵەف، ئامر فەوجی هێزەکانی حەفتا (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) سەر بە لیوای ١١١، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆسپی میدیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە هەردوولا ٢٠٠ قوربانی هەیە و بە دەیانی تریش بریندارە.

ڕائید عەنتەر خەڵەف کە ئێستا خۆی لە شەنگالە لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد کە هێزەکان یەبەشە توانیویانە چوار پێشمەرگەی ڕۆژ کە پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستانن بە دیل بگرن.

ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان هێزەکانی بەرخودانی شەنگال و پێشمەرگەی ڕۆژئاوادا ڕوویدا و سێ کاتژمێری خایەند و هەر دوو هێزەکەش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە دەستپێشخەری شەڕەکە و کوژرا و برینداریش لە هەردوولا هەیە.



PM:06:00:03/03/2017