سپی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەبەشە و پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەکانی یەبەشە و پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە، ئەگەرچی بڕیاربوو ڕاگەیەندراوێک بڵاوبکەنەوە، بەڵام پاش زیاتر لە کاتژمێرێک تا ئێستا ڕاگەیەندراوەکە بڵاونەکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە تایبەت بە سپی میدیای ڕاگەیاند ئەو لایەنانە نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن کۆبوونەوەکە ئیجابی نەبوو، سەبارەت بە هۆکاری لێکتێنەگەیشتیان پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بە یەبەشەیان وتووە "ئەگەر ئێوە نوێنەرایەتی پەکەکە ناکەن بۆچی ڕێگەمان نادەن بچینە سەر سنووری خۆرئاوا و بگەڕێینەوە وڵاتی خۆیمان، چونکە ئێوە دەڵێن ئێمە نوێنەری شەنگالییەکانین".

لە بەرامبەردا فەرماندەکانی یەبەشە وتویانە "ئێوە هاتوونەتە سەر ئێمە و گەرنا ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئێوەدا نییە، بەڵام ئێوە هێرشتان کردووەتە سەر ئێمەو ئێستاش لە کوێوە هاتوونەتە ئێرە بگەڕێنەوە بۆ ئەو جێگایانەی لێی هاتبوون".

ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان هێزەکانی بەرخودانی شەنگال و پێشمەرگەی ڕۆژئاوادا ڕوویدا و سێ کاتژمێری خایەند و هەر دوو هێزەکەش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە دەستپێشخەری شەڕەکە و کوژرا و برینداریش لە هەردوولا هەیە.



PM:07:35:03/03/2017