حکومەتی هەرێم داوای تەبایی دەکات

لەیادی ٢٩ هەمین ساڵەی یادی ئەنفال حکومەتی هەرێم داوای تەبایی نێوان لایەنەکان دەکات.

حکومەتی هەرێم بەبۆنەی تێپەڕاندنی ٢٩ ساڵ بەسەر تاوانی ئەفال کە ١٨٢ هەزار کەسی کوردی تێدا بوونە قوربانی، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لەو راگەیەنراوەدا هاتووە" " لە ‌پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە یەكێك لە خەم و ئەركە لەپێشەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدانی بەردەوامی بووە بۆ دۆزینەوە و گێڕانەوەی ڕوفاتی شەهیدانی ئەنفال و خزمەتكردنی كەسوكارە سەربەرزەكانیان كە لە ئاكامی ئەو كارەساتەدا دووچاری چەندین كێشە و گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتی بوون. هێشتا زۆری تر ماوە لەو پێناوەدا ئەنجام بدرێت و حكوومەتی كوردستان كە بەرهەمی خوێن و قوربانیی گەلی كوردستانە".

هەر لەو راگەیاندراوەدا هاتووە " جێگەی داخە كە تا ئێستا حكوومەتی عیراقی دوای ڕژێمی بەعس دەرهەق بەم كارەساتە نەیتوانیوە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت و نە لەڕووی مادی و نە لەڕووی مەعنەوییەوە قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان نەكراوەتەوە".
ئەنجومەنی وەزیران لە كۆتایی پەیامەكەیدا راشیگەیاندووە: تەبایی و پێكەوەكاركردن و ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی بە هاوبەشیی هەموو هێزە سیاسی و مەدەنی و توانا جیاكانی كۆمەڵگای كوردستان، بەهێزترین پشتیوان و پاڵهێزە بۆ ڕێگری لە هەر پیلان و ملهوڕییەكی ناحەزان بۆ سەر گەل و خاكی كوردستان..وەك چۆن دوای داڕووخانی بەعسی ئەنفالچی‌، حكوومەتێكی یەكگرتووی بەهێز و تەبایی و یەكڕیزییەكی مێژووییی گەلی كوردستان، بووە سیمای ئەو قۆناغە پرشنگدارەمان، ئێستاش كە دەستپێكی قۆناغی دوای داعشە، ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی كوردستاندایە كە لە چێكردنی زەمینەی تەبایی و یەكڕیزی و سیمایەكی ڕۆشن و مژدەبەخشدا لە قۆناغی دوای داعش بۆ گەل و نیشتیمانەكەمان، بەشدار بن.



PM:12:54:14/04/2017