یەکێتی سێ پێشنیاز دەخاتە بەردەم گۆڕان

سپی - تایبەت

یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان سێ پێشنیاز دەخاتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان و دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ گۆڕان پێشنیازەکان دەخاتە بەردەم پارتی دیموکراتی کوردستان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای ڕاگەیاند کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سێ پێشنیاز لە چەند ڕۆژی ئایندەدا دەخاتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەمانەن:

یەکەم: پەرلەمان کاربکرێتەوە بەم دۆخەی ئێستایەوە واتا بە سەرۆکایەتی یوسف محەمەد و تەنها کاربکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

دووەم: پەرلەمان کارابکرێت و سەرۆکایەتی پەرلەمان بگۆڕدرێت، بەڵام هەر بدرێتەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان (بەڵام لە کۆبووبونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی باسلەوەکراوە و پارتی زۆر بە توندی دژی وەستاوەتەوە و پارتی بە هێچ شێوەیەک ڕازی نییە سەرۆکایەتی پەرلەمان بدرێتەوە بە گۆڕان)

سێیەم: پیرترین ئەندامی پەرلەمان بکرێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان و پرسی ڕیفراندۆمی پێ تێببەپڕێنرێت و یاسای بۆ دەربکرێت.

ئەمڕۆ، ١ی ئایار ڕۆژنامەی چاودرێر، کە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یەکێتی سەرنوسەرییەتی، بڵاویکردووەتەوە، کە یەکێتی پێشنیازی دیکە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئامادە دەکات.

ڕۆژنامەکە نوسیویەتی یەکێتی چەند پێشنیازێکی نوێ لە چەند ڕۆژی ئایندەدا ئامادە دەکات ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی بە پێشنیازەکانی پێشووی ئەو حزبە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕازی نەبووە.

هەر لە هەواڵەکەدا کە لە زاری سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسییەوە گوازراوەتەوە ئاشکراکراوە تا ئێستا یەێتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە لای گۆڕان ببێت و ئەگەر گۆڕانکاریش بکرێت هەر بدرێتەوە بە گۆڕان.

سەبارەت بە بۆچوونی پارتیش ڕۆژنامەکە نوسیویەتی پارتی بە کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕازی بووە، بەڵام سەرۆکایەتییەکەی نەدرێتەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان.


هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە لە میانی بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆی ڕووداو ڕایگەیاند "
لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ پارتی باسمان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کردووە، هەرچەندە پارتی رەتینەکردووەتەوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، بەڵام جارێ پەلەیان نییە. وەکو یەکێتی پرۆژەمان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هەیە و موفاجەئەی تێدا دەبێت، بۆ زەمینەسازیش لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ پێویستە".



AM:11:59:01/05/2017