پاشەکەوتی مووچە نامێنێت

ئەنجومەنی وەزیران تاووتوێی پێشنیازێكی نوێ دەكات كە تایبەتە بەلابردنی سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران و ئەو میكانیزمە نوێیەکەش لەسیستمی بایۆمەتریی موچەدا جێگیردەكرێت و موچەی فەرمانبەرانی لەداهاتودا پێ دابەشدەكرێت.

ماڵپەڕێکی نزیک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمەوە گواستویەتیەوە کە "ئەنجومەنی وەزیران  تاووتوێی چەند پێشنیازێكی لەبارەی گۆڕانكاری لەپاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران كردوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادار كە داوایكردوە ناوی ئاشكرانەكرێت وتویەتی "ئەو پێشنیازە بریتیە لەسیستمێكی نوێی دابەشكردنی موچە بەشێوەیەك بۆ پێدانی موچە لەبری پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوت، پێدانی موچەی بنەڕەتی دەبێت بەفەرمانبەر لەگەڵ چەند دەرماڵەیەكی تایبەتی وەك دەرماڵەی منداڵ و هاوسەرگیریی و دەرماڵەی پیشەیی".

ڕونیشكردەوە، چەند پێشنیازێكی دیكەش كراون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو پێشنیازە پەسەندكراوە كە موچەی بنەڕەتی و چەند دەرماڵەیەكی تایبەت بدرێتە موچەخۆران.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، ئەگەر ئەو میكانیزمە نوێیەی موچە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندبكرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ لەسیستمی بایۆمەتری موچەدا جێگیردەكرێت و هەركاتێك سیستمەكە كەوتەكار بەو شێوازە موچەی پێ دابەشدەكرێت.

بەوتەی سەرچاوەكە، "ئەم چەند مانگەی دەمێنێتەوە تائەوكاتەی سیستمی بایۆمەتری موچە كاری پێدەكرێت بەم سیستمی پاشەكەوتە موچە دەدرێت، بەڵام هەركاتێك سیستمەكە كەوتەكار ئەوا حكومەت بڕیار دەدات كار بەو سیستمە نوێیەی موچە بكات كە لەئێستادا تاووتوێكراوە".


PM:03:37:23/06/2017