ژووری یاسایی گۆڕان وەڵامی ڕابوون مەعروف دەداتەوە

ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی ڕابوون دەداتەو ڕایدەگەیەنێت "وتەکانی ڕابون مەعروف لەبارەی دوورخستنەوەی کاندیدێک بۆ خانەی ڕاپەڕاندن دوورن لە ڕاستییەوە".

ژووری یاسایی گۆڕان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "ڕەنگە هەندێک کەس سەرنج و تێبینیان لەسەر بەڕێوەچونى هەڵبژاردنەکە هەبێت، ئەوەش کارێکى ئاساییە و بە خۆشحاڵیەوە وەریدەگرین، بەڵام ئەوەى براى بەڕێزمان کاک رابون باسى ئەکات، گوایە ژورى یاسایى بەکارهێنراوە و بە نایاسایى ئەو کاندیدە بەڕێزەى دورخستووەتەوە، تەواو دورە لە ڕاستیەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕەنگە ڕابون مەعروف ئاگادارى تەواوى وردەکاریەکان نەبێت بۆیە ژورى یاسایى تۆمەتبار ئەکات، لە کاتێکدا ژورى یاسایى ئاسانکارى زۆرى بۆ ئەو کاندیدە ئەکرد بۆ ئەوەى بێتە پرۆسەکەوە، بەڵام دواتر لەبەر چەند هۆکارێکى تایبەت بە کاندیدەکە خۆى ڕازى بوو بەوەى بەشدارى پرۆسەکە نەکات.

ئەوەشی وتووە "ئەو کاندیدە فۆرمى خۆ کاندیدکردنى لە دەرەوەى ماوەى یاسایى گەڕاندەوە، ئێمە وەکو ژورى یاسایى ئامادەبووین چاوپۆشى لەوە بکەین تا بتوانێت بەشدار بێت، بەڵام کاندیدەکە خۆى ڕازى بوو داواکاریەکەى رەتبکرێتەوە و بێدەنگ بێت، کەچى ئێستا بەداخەوە لە جیاتى دەستخۆشى، ژورى یاسایى تۆمەتبار دەکرێت".

لە ڕوونکردنەوەکەدا ڕاشیگەیاندووە "ژورى یاسایى زۆر بەسەربەخۆیى  و جورئەتەوە کارەکانى خۆى ڕاپەڕاندوە، کەس نەیتوانیوە و ناتوانێت بەکارى بهێنێت، یان کارى نایاسایى پێبکات، بڕیارى یەکلاکەرەوەى لە بابەتى زۆر گەورە وگرنگتر لەوە داوە. هەرکەس گومانى هەیە با تەشریف بهێنێ ئەرشیفى بڕیارەکانمان ببینێ، نەک پەنا بەرێتە بەر بوختان هەڵبەستن بۆ لەکەدار کردنى مەبەستدارى ناوبانگمان"
.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ڕابون مەعروف پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەژێر فشار و هەڕەشەدا ئەو گەنجانەی کاندیدبوون لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا کشاونەتەوە و ناوی کاندیدێکیش بە نایاسایی دەرهێنراوە.



PM:10:38:25/07/2017