ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، فەرمانبەران و مامۆستایان چیتر بەرگەی برسیکردن ناگرن و ڕۆژی ١٠ ی ئەیلول کێشەی مووچەیان بۆ چارەسەر نەکرێت خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەن.
لە ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنەکەدا کە ئەمڕۆ 10ی ئاب بڵاوکراوەتە داوای ئەوە کراوە کە "داوای کاری بەپەلە و جدی دەکەین بۆ گێڕانەوەی شکۆ بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و باشکردنی باری گوزەرانیان، بە پێچەوانەوە هەموو ئەگەرێک بۆ دروستکردنی فشار لەبەردەمماندایە و ڕۆژی ١٠ ی ئەیلولی ٢٠١٧ بە بەشداری سەرجەم چین و توێژەکان لە ناوەندی شار و بەردەرکی سەرای سلێمانییەوە خۆپیشاندانی جەماوەری و سەرتاسەری ڕادەگەیەنین و چیتر دەسەڵاتدارانی ئەم حکومەتە بە شیاوی بەردەوامبوون لە حکومڕانی نازانین".
ئەنجوومەنەکە دەشڵێت "هەر گرفتێکی چاوەڕوانکراویش بۆ کەرتی پەروەردە و کاری ئاسایی فەرمانگە و شوێنە گشتییەکان لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئێستادایە".
ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی سێ مانگ، مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سنوری ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی خوێندنیان کرد و نەچوونە هۆڵەکانی خوێندنەوە.