وەفدێکی باڵای ئێران سەردانی پارتی‌و‌ یەکێتی دەکەن

لە هەوڵێكی تردا بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا، وەفدێکی باڵای ئێرانی سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکەن.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" رۆژێک پێش جەژن وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی حەسەن دانای فەڕ لە سلێمانیەوە سەردانی هەرێم دەکات و لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وەفدکە چاویان بەبارزانی و سەرکردەکانی یەکێتی کەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانە ئامانجی سەردانی ئەو وەفدە بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سەرلەنوێ گەیاندنی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە لەسەر پرسی ریفراندۆم بە سەرکردە کوردەکان.

ئەو وەفدەی ئێران لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بارزانی و سەرکردەکانی یەکێتی بە راشکاوی دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیاندووە، جەختیشیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بەهەموو جۆرێک دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەبن.

سپی زانیوویەتی وەفدەکەی ئێران لەگەڵ پێشاندانی ئەو هەڵوێستە توندەدا، هاوکات ئاماژەشیان بەوە کردووە کە ئێران هەموو تواناکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداو ئەوان فشاری تەواو لە حکومەتی بەغدا دەکەن کە هەموو موستەحەقاتە دارایی و سیاسییەکان بدات بە هەرێمی کوردستان، ئەگەر هەرێمی ریفراندۆم ئەنجام نەدات.
 
حەسەن دانای فەڕ بە یەکێک لە کەسایەتیە بەهێزەکانی ئێران دادەنرێت و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردایەتی کوردا هەیە و پێشتر باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە لە عێراق. 



AM:11:20:02/09/2017