دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماری مانگی ئابی ڕاگەیاند

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم ڕایگەیاند، مانگی ڕابردوو ٢٢ حاڵەتی کوشتن لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، بەڵام بەراورد بە مانگی ڕابردوو ڕێژەکە کەمیکردووە.


بەپێی ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کە وێنەیەکی دەست "سپی میدیا" کەوتووە مانگی ئابی ٢٢ کەس لە هەرێم کوژراون و ٨ کەسیش خۆیان خنکاندووە یان خۆیان کوشتووە.

ئامارەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە هەمان مانگدا ڕووداوی تەقەکردن و بریندارکردن ١٤ کەس بووە و ٤ حاڵەتی پێشێلکارییەکانی دیکەش تۆمارکراوە.

ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیشانی دەدات کە حاڵەتەکانی کوشتن بەراورد بە مانگی تەمووز کەمیکردووە، کە لە مانگی تەمووز ٣٠ حاڵەتی کوشتن هەبووە.

ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جگە لە هەرێمی کوردستان ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دەگرێتەوە و لەسەر پێوەری ڕاپۆرتی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان ڕاپۆرتەکان ئامادە دەکرێن.



PM:09:48:04/09/2017