لە مەندەلی ئاڵای كوردستان داگیرا

ژمارەیەك هاوڵاتی لەبردەم بەڕێوەبەرایەتی‌ ناحیەی‌ مەندەلی‌ و شارەوانی‌ ئەو ناحیەیە كۆبوونەوە و ئاڵای كوردستانیان داگرت، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتیش ووردەكاری ڕووداوەكە ئاشكرا دەكات

ژمارەیەك هاوڵاتی‌ لەناحیەی‌ مەندەلی‌ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی‌ ناحیەكە گردبونەوەیەكی‌ ناڕەزاییان ئەنجامداو داوایانكرد، ڕیفراندۆم لەسنورەكە ئەنجامنەدرێت، هەر بەو هۆیەشەوە ئاڵای كوردستان هێنراوەتە خوارەوە.

لەوبارەیەوە هێمن مەنسور، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستنی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە: گرووپێكی توندڕەوی سەربە هێزەكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای ناحیەكەی مەندەلی و ئەنجومەنی ناحیەكە ئەوەش دوای ئەوەی كە ئەنجومەنی ناحیەی مەندەلی بڕیاری بەشداریكردنی لەریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان پەسەند كرد كە بڕیارە لە ڕۆژی 25 ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.

ناوبراو ئەوەشی وتووە: ئەو گرووپەكە توندڕەوە ئاڵایەكی كوردستانیان لەناوەڕاستی ناحیەكە داگرتووە و هەڕەشەی ئەوەشیان كردووە كە ڕێگا بە بەڕێوەبەری ناحیە و ئەندامانی ئەنجومەنی ناحیە نەدەن ئەركەكانیان بەڕێوە ببەن، هەروەك هەڵیانكوتاوەتە سەر ژمارەیەك بارەگای حزبە كوردستانییەكان لەناحیەی مەندەلی و داوایان كردووە ئەنجومەنی ناحیەكە لەبڕیاری بەشداریكردن لە ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان پاشگەز بێتەوە.

هێمن مەنسور وتیشی " پەیوەندییمان بە پارێزگاری دیالەوە كرد و ئەویش دەستبەجێ سەردانی ناحیەی مەندەلی كرد و بەڵێنی كۆتاییهێنان بە كێشەیدا"، تەئكیدیشی كردووە "ئێمە نامانەوێت گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا دروستبكەن و چاوەڕێین كۆتایی بەو تەنگژەیە بهێنرێت و ئاڵای كوردستان دووبارە بگەڕێنرێتەوە بۆ شوێنەكەی خۆی لەناوەڕاستی ناحیەی مەندەلیدا".

ئەو ڕووداوەش پاش ئەوەدێت ئەنجومەنی‌ شارەوانی‌ مەندەلی‌ لەپاڵ ناوچە كێشە لەسەرەكانیتر بڕیاریداوە بەشداربێت لەئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆم.



PM:01:37:10/09/2017