جارێكی دیكە تەقە لە لقی ١٩ی پارتی كرا

كادرێكی پارتی ڕادەگەیەنێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقە لە بارەگای لیژنەی ناوچەی شۆڕشی سەر بە لقی ١٩ی قەزای چەمچەماڵی پارتی كراوە و زیانی گیانی نەبووە.

مەریوان حەكیم، كادری پارتی و بەرپرسی ڕێكخراو لە لیژنەی ناوچەی شۆڕشی پارتی بە ئێن ئاڕتی  ڕاگەیاندووە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەكاتژمێر ٣ تەقە لە بارەگای ناوچەی شۆڕش كراوە و چەند فیشەكێك بەر بارەگاكە كەوتووە و تەقەكەرەكان هەڵاتوون".

هەروەها وتوشیەتی "پێویستە دامودەزگا ئەمنییەكان هەرچی زووترە تەقەكەرەكان بدۆزنەوە و ئەمنیەتی بارەگاكان و كادر و ئەندامانمان لە ئەستۆی بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شارەكەیە".

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ تەقە لە لقی ١٩ی پارتی كرا و چەند فیشەكێكی بەر بینای لق كەوتووە و چوار بۆ پێنج ئۆتۆمبێلیش بەركەوتوون، بەڵام هیچ كەسێك بریندار نەبووە.



PM:12:29:12/09/2017